سەرچاوەیەك: توركیا و سعوودیە پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردی دەكەن و تاڵەبانی و نەوشێروانیش دژن

سەرچاوەیەك: توركیا و سعوودیە پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردی دەكەن و تاڵەبانی و نەوشێروانیش دژن
25 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حکوومەتەکەی مالیکی دەڵێت كە سعوودیە و توركیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەن كە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردیدا دەنێن؛ بەڵام هەریەك لە جەلال تاڵەبانی سەرۆکكۆماری عێراق و نەوشێروان مستەفای رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دژی سەربەخۆیی كوردستانن.

بەغدا داوای لە هەرێم کردووە ڕێبازگە سنوورییەکان ڕادەستی حکوومەتی بەغدا بکات کە دیارترینیان دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانن. لە سەرچاوەی نزیک لە مالیکیشەوە زانراوە کە حیزبەکەی تاڵەبانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەم هەوڵ و داوایە ڕازیی بووە، هەر ئەمەیشە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی توڕە کردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، مالیکی لە هەوڵدایە نەبوونی یەکڕیزیی تەواوی کورد بقۆزێتەوە، تاکو لە ڕووی ئەمنییەوە دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر بکات، چونکە مالیکی ترسی لەوە هەیە هەر بە ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد بارزانی دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت.

سەرچاوەكە دەڵێت ئەم دەوڵەتە نوێیە نابێت بە هەڕەشە بەسەر ئاساییشی نەتەوەیی توركیا و بارزانیی هاوپەیمانی بڕواپێكراوی توركیا دەتوانێت سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی \"پارتیی كریكارانی كوردستان(پەكەكە) دابنێت و ئەو كێشەیە چارە بكات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی سیاسەی كوێتی کە دوێنێ دووشەممە بڵاوی كردووەتەوە، نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەبێتە هۆی پێكهێنانی نەخشەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا، دروستكردنی دەوڵەتی نوێیش لە لایەن بارزانییەوە هەژموونی ئێران لە نێو عێراقدا كەم دەكاتەوە، بە تایبەت ئەگەر بێت و سلێمانیش لەژێر سێبەری ئەم دەوڵەتە كوردییەدا بێت.
سەرچاوەكە پتر دەڵێ، مالیكی دەیەوێ سوود لە نەبوونی كۆ دەنگیی نێوان هەردوو حزبی كوردی كە تێیدا یەكێتی دەستڕٍۆیی لە سلێمانی هەیە و پارتی لە دهۆك و هەولێر هەیە، وەربگرێ و بیقۆزێتەوە.

سەرچاوەیەك ئاشكرای كردووە كە نزیكانی بارزانی، لە نێویاندا مەسروور بارزانیی كوڕی كە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان دەكات گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ سەركردەكانی حیزبەكەی تاڵەبانی ئەنجام داوە و جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی، كۆسرەت ڕەسووڵ، لە دیارترین پشتیوانیكارانی پلانەكەی مەسعوود بارزانییە لەم بارەیەوە؛ بەڵام بەرەیەكی نەیار كە هەریەك لە جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا كە سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕانە لەخۆ دەگرێ، دژبە سەربەخۆیی كوردستان و دروستكردنی ئەو دەوڵەتەن.

هەمان سەرچاوە دەڵێ، مالیكی ئامۆژگاریی تاڵەبانی كردووە كە كەسایەتییەكی دوور لە بارزانی لە جێگەی خۆی دابنێ بۆ قۆناغی پاش خۆی، ئاماژەیشی كردووە كە ئێران پێی وایە پێدانی ئەو پۆستە بە كۆسرەت رەسووڵ، پشتیوانی دەبێ بۆ بۆچوون و هەڵوێستە دژەكانی بارزانی بەرامبەر مالیكی و ئێران.

بەپێی هەمان سەرچاوە كە رۆژنامەی \""سیاسە\""ی كوێتی لە ژمارەی دوێنێیدا بڵاوی كردووەتەوە، پلانەكەی مالیكی بۆ قۆناغی پاش ئەسەد لەسەر دوو خاڵ بنیات نراوە:

خاڵی یەكەم: سەپاندنی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقی لە بەغدا كە هاوپەیمانیی شیعەكان سەرۆكایەتیدەكات، بەسەر سەرجەم شارەكانی هەرێم و ملكەچكردنی بارزانی بۆ سیاسەتەكانی بەغدا، ئەمەش گرینگە بۆ گەرەنتیكردنی كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم رێبازگە سنوورییەكانی عێراق لەگەڵ توركیا و سووریا.

دووەم پێوەندی بە كۆنتڕۆڵكردنی سنووری سەرجەم شارە سوونییەكان بەتایبەت ئەنبار و نەینەوا و سنوورەكانی ئەو دوو شارە لەگەڵ ئوردن و سووریا. ئەمەیش لە گوازتنەوەی هێز كە لە شیعەكانی باشوور پێكهاتووە و سنووری هەردوو پارێزگاكەی لەگەڵ سووریا پێ كۆنتڕۆڵ كردوون، بەرجەستە بووە.

بەپێی سەرچاوەكە ئێران و عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد لەسەر حوكم مەحاڵە و گۆڕانكاری لە سووریا دەكرێت، هەربۆیە ئێران و عێران لە ماوەكانی ڕابردوودا ڕێككەوتوون بەوەی كە پارێزگاكانی سوننەكان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، بكەونە چنگی هێزەكانی مالیكییەوە كە ئەنبار و سەڵاحەددین و مووسڵ و دیالە و كەركووكن.

لەبەرانبەر ئەوەدا ئەمەریكا و توركیا ڕێككەوتوون قەڵەمڕەویی ئێران كەم بكەنەوە و واشنتۆن بە ئانكارای ڕاگەیاندووە كە ئەمەریكا پشتیوانی ئەو هاوپەیمانەتییە سیاسییە دەكات كە بارزانی و ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجێفی و هاشمی تێیدا كۆبوونەتەوە.


-PNA"
Top