گۆڕان: دەوڵەتی یاسا ئێمەی فرۆشت

گۆڕان: دەوڵەتی یاسا ئێمەی فرۆشت
18 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، فراكسیۆنەكەی لە پرسی بوونی ئەندامێكی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق خۆی بە لیستی دەوڵەتی یاساوە هەڵواسی و ئەوانیش گۆڕانیان فرۆشت.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە لەسەر داوای خۆی ناوی نانووسرێ تایبەت بەئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هۆی شكستی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە دانانی ئەندامێكی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان خۆهەڵواسینی فراكسیۆنەكەمان بوو بە لیستی دەوڵەتی یاساوە، بەڵام ئەوان گۆڕانیان فرۆشت.

زیاتر گوتی، پشتیوانیكردن لە هەڵسوكەوت و بۆچوونەكانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە زیانی جەماوەری پێ گەیاندین، هاوكات لە بەغدایش زیانمان پێ گەیشت، لە كاتێكدا بزووتنەوە و فراكسیۆنی گۆڕان هیچ هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا نەبووە، بەڵام دیارە سەرۆكی فراكسیۆنەكەمان خۆی هاوپەیمانیی لەگەڵ لیستەكەی مالیكی هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە گوتی، بەشێك لە سەركردایەتیی ئێستەی گۆڕان دژی ئەو هەڵسوكەوت و مامەڵانەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانن لە بەغدا، بەڵام بەشێكەی تر پشتیوانی دەكەن.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دووپاتی دەكاتەوە \"هەر لە سەرەتاوە لێدوانە توندەكان زیانی پێ گەیاندین، دەبوو لەگەڵ لایەنەكانی تر گفتوگۆمان لەبارەی ئەو پرسەوە بكردایە، بەڵام خۆمان بەیەك لیست بەستەوە ئەویش لیستی دەوڵەتی یاسا بوو كە دواجار ئێمەیان فرۆشت\"".

\""لە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆن و لێژنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەمیشە سەرۆكی فراكسیۆنەكەمان پشتیوانی لە بۆچوونەكانی دەوڵەتی یاسا كردووە، ئەوەیش زیانی پێ گەیاندنین\"" پەرلەمانتارەكە گوتی.


گۆڕان هەوڵی دا ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ 15 ئەندام زیاد بكرێ، بەڵام دواتر ئەوە دەنگی نەهێنا و بە 9 ئەندام پەسند كرایەوە."
Top