دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌كانى یه‌كه‌م رۆژى شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا

دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌كانى یه‌كه‌م رۆژى شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مریكا
12 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- له‌ ده‌ستپێكی سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مریكا و به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هه‌ڵوێست و بووچونی هه‌رێمى كوردستان له‌مه‌رِ بارودۆخی ئه‌مرِۆی هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه‌ و پرسه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌رِێزان دكتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ تیمی راوێژكارانی سیاسی و ئابوورى و میدیاكاران كۆبونه‌وه‌.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دانانی به‌رنامه‌ی كاری سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مریكا كرا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن په‌یام و هه‌ڵوێسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌رِ پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان بگه‌یێنه‌ دامه‌زراوه‌ هزری و كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا له‌ دوو دیدارى جیادا له‌گه‌ڵ به‌رِێز دكتۆر كین پۆلاَك له‌ دامه‌زراوه‌ی هزری برِۆكینگز و باڵیوز رۆز ویسڵن له‌ ئه‌تلانتیك كانسڵ كۆبونه‌وه‌، له‌ هه‌ردوو دیداردا شاندی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كیان له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی عیراق و هه‌رێمی كوردستان خسته‌رِوو، هاوكات ئاماژه‌یان به‌و كێشه‌و ئاسته‌نگانه‌ كرد كه‌ هاتونه‌ته‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌منی له‌ عیراق ، هه‌ر له‌ دیداره‌كاندا باس له‌ سیاسه‌تی تاك ره‌وانه‌ی به‌غدا كرا بۆ پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستوورو پشتگوىَ خستنى هاوبه‌شى كردنى راسته‌قینه‌ له‌ ده‌سه‌لاَت و جوله‌پێكردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان و دروستكردنی بارودۆخێكی دژوار له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێم.

هه‌ردوولا باسیان له‌ ره‌وشی ئه‌مرِۆی سوریا و ئه‌و توندوتیژیانه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی سوریا دژ به‌ هاولاَتیانی خۆی ئه‌نجامی ده‌دات، له‌م روویه‌وه‌ باس له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا كه‌ ده‌خوازێ هاولاَتیانی سوریا خۆیان چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن و دیموكراسى بۆ سوریاو مافی گه‌لی كوردیش له‌و ولاَته‌ مسۆگه‌ر بكرێت.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كان دا شاندی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌یان به‌و مه‌ترسیان كرد كه‌ ئێستا هه‌ره‌شه‌ له‌ دیموكراسی و سه‌قامگیری عیراق ده‌كه‌ن. له‌م رووه‌وه‌ گوتی: ئێمه‌ ده‌خوازین عیراق دیموكراسی و فیدراڵی و فره‌یی بێت و هه‌موولایه‌نه‌كانی هاوبه‌ش له‌ حوكمرِانی ولاَت پابه‌ندبن به‌ ده‌ستووری عیراق به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ئه‌مرِۆ ده‌بینین حكومه‌تی به‌غدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی ده‌ستوور نابێت و له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وام دایه‌ بۆ په‌راوێزخستنی چه‌ند لایه‌نێكى سه‌ره‌كى له‌ عیراق .

شاندى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌خوازىَ هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وه‌ك پرسی مادده‌ی 140 و یاسای نه‌وت و غاز و ته‌نگژه‌ هه‌نووكه‌یه‌كان له‌رێگای دیالۆگ و به‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووری ولاَت چاره‌سه‌ر بكه‌ین

په‌یمانگاى برِۆكینگز ناوه‌ندێكى هزرى ناحكومیه‌ و باره‌گاكه‌ى له‌ واشنتۆنه‌. كارى سه‌ره‌كى ئاماده‌كردنى توێژینه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ ئاستێكى به‌رز له‌ بوارى سیاسى و ئابوورى و پێشهاته‌ سیاسیه‌كان. ئامانجه‌كانى پته‌وكردنى بوارى دیموكراسی و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورى و كۆمه‌لاَیه‌تى و ئاسایش و كرانه‌وه‌ى زیاتر و سه‌لامه‌تى و هاوكارى سیسته‌مى نێوده‌وڵه‌تیه‌. هه‌روه‌ها په‌یمانگاى بروكینگز شانازى ده‌كات به‌وه‌ى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ باشترین په‌یمانگاكان له‌ رووى متمانه‌وه‌.

سه‌نته‌رى دینۆ پاترسیۆ ئۆراسیاى ئه‌نجوومه‌نى ئه‌تله‌نتیك بۆ په‌ره‌پێدانى دایه‌لۆگ له‌ نێوان سه‌ركرده‌ هه‌رێمیه‌كان وه‌كو پێگه‌یه‌ك بۆ به‌ستنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى و جیهانى. سه‌نته‌ره‌كه‌ توێژینه‌وه‌ و راوێژى جیاواز له‌بوارى سیاسى و ئابوورى و ووزه‌ پێشكه‌ش به‌ حكومه‌ته‌كان و سه‌نته‌رى كاره‌ جیهانیه‌كان ده‌دات. ئامانجى هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئه‌جێنداى هه‌رێمه‌كانه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگى و له‌یه‌كگه‌یشتن له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى.

هه‌مان رۆژ شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رِێز نامیق تان باڵیوَزی توركیا له‌ ئه‌مریكا و كاربه‌ده‌ستانی باڵیوزخانه‌ی توركیا له‌ ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌، به‌رپرسانی باڵیوزخانه‌ی توركیا خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردانی شاندی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمی كوردستان و ولاَتی توركیا كرده‌وه‌ .

له‌ دیداره‌كه‌دا شاندی هه‌رێمی كوردستان باسیان له‌ پێشوه‌چوونه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ له‌ رِووی سیاسی و ئابووری و وه‌به‌رهێنان .هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و پرسه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا ، هاوكات ئاماژه‌ به‌ ته‌نگژه‌كانی سوریا كرا كه‌ هه‌موولایه‌ك ده‌خوازن حكومه‌تی سوریا به‌ده‌نگ داخوازی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێت و ده‌ستبه‌رداری توندوتیژیه‌كان بێت دژی هاولاَتیانی سوریا.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی چالاكیه‌كانیاندا هه‌مان رۆژ به‌رِێز دكتۆر فۆئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌شداری له‌ سیمینارێكی دامه‌زراوه‌ی به‌رگری له‌ دیموكراسی (FFD ) كردو له‌ په‌ناڵێكی هاوبه‌ش دا كه‌ راوێژكاری دووه‌می ئه‌نجومه‌نی دامه‌زراوه‌كه‌ جۆن هانا و چه‌ند شرۆڤه‌كارێكى تورك و عه‌ره‌ب ئاماده‌بوون ، دكتۆر فۆئاد حوسێن له‌به‌رده‌م سیاسه‌توان و شاره‌زایان بوَچون و دیدگای هه‌رێمی كوردستانى له‌مه‌رِ ره‌وشى ئه‌مرِۆى سوریا خسته‌رِوو، به‌رِێزیان هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی له‌مه‌رِ پرسی سوریا خسته‌روو وتێیدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رِێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ یه‌ك رێزی و ته‌بایی له‌ نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی سوریا كه‌ خۆی له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌و ولاَته‌ و چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت ده‌بینێته‌وه‌. هاوكات ئاماژه‌ى به‌ بارودۆخى په‌ناهه‌نده‌كانى سوریا كرد كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان نیشته‌جێبوونه‌و هیواى خواست كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى جگه‌ له‌ بایه‌خدان به‌ ره‌وشى سیاسى و ئه‌منى سوریا بایه‌خ به‌ لایه‌نه‌ مرۆییه‌كانیش بده‌ن.
هاوكات ئاینده‌ى سوریاو تێرِوانینى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌و پرسه‌ و به‌رنامه‌ى ئۆپۆزسیۆنى سوریاو رۆلى كورد له‌ سیناریۆكان و ئه‌جێنداى داهاتووى سوریا و كاریگه‌رى و ده‌ره‌نجامه‌كانى ئه‌وهه‌ولاَنه‌ تاوتووكران. دوواتر چه‌ندین پرسیارو سه‌رنج و تێبینى ئاراسته‌ى به‌رِێزیان كران ئه‌ویش وه‌لاَمى ئاماده‌بووانى دایه‌وه‌.

په‌یمانگه‌ی FDD په‌یمانگایه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ كاركردن له‌ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و ستراتیژى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌. ئه‌و په‌یمانگایه‌ له‌لایه‌ن گروپێكى له‌ كارمه‌ندى پێشووى ئه‌مریكى دامه‌زرا راسته‌وخۆ دواى كاره‌ساته‌كه‌ى 11 ى سێپته‌مبه‌ر له‌ 2001 بۆ یارمه‌تى دانى نه‌ته‌وه‌كان بۆ به‌رگرى له‌ خۆیان.
Top