سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
10 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز ئالاین كێپخات كونسوڵی گشتیی نوێی كۆماری فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌.

له‌ دیدارێكدا ، سه‌رۆك بارزانی وێرای به‌خێرهێنانی كونسوڵی نوێی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان ، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و ئاماه‌دیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی نیشاندا له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری و ئاسانكاریی پێویست له‌ سه‌رخستنی كاره‌كانیدا و رایگه‌یاند كه‌ گه‌لی كوردستان خوازیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ كۆماری فه‌ره‌نسا هه‌بێت و رۆڵی ئه‌و وڵاته‌شی به‌رزنرخاند له‌ پشتگیریكردنی دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان له‌ گشت قۆناخه‌كاندا .

كونسوڵی گشتیی نوێی فه‌ره‌نسا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كاربووه‌ و ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیشی نیشاندا بۆ به‌رده‌وامی دان و پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمی كوردستان.

تاوتوێكردنی ره‌وشی عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و ره‌وشی سوریا و په‌نابه‌رانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو .
Top