تا ناوه‌ڕاستى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو بودجه‌ى ساڵى 2013 ئاماده ده‌كرێت
هه‌فته‌ى ڕۆژێك وه‌زيره‌كان پێشوازى له هاووڵاتيان ده‌كه‌ن
له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان سه‌ندووقى سكاڵا دادهمهزر
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئامادهكارييهكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌ى ساڵى داهاتووى 2013 خرايه ڕوو. به پێى ئه‌و ئامادهكاريانهى كه له لايه‌ن وه‌زاره‌تى پلاندانان و وه‌زاره‌تى ئابوورى و دارايى و لايه‌نه پهيوهنددارهكانهوه كراوه، بڕيار وايه تا ناوه‌ڕاستى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو بودجه‌ى ساڵى 2013ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بكرێت و بۆ سه‌ره‌تاى ساڵى تازه، بودجه له په‌رله‌مانيش په‌سه‌ند كرا بێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ى كارى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌چوونى كار و خزمه‌تگوزارييه‌كان له وه‌زاره‌تى شاره‌وانى خرايه ڕوو كه له كۆتايى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌سند كرا. له‌مباره‌يه‌وه وه‌زيرى شاره‌وانى ئاماژه‌ى به‌وه دا كه له‌وه‌تاى كابينه‌ى نوێ ده‌ستى به كار كردووه، به هيچ شێوه‌يه‌ك و له هيچ ئاستێكدا، ده‌ست نه‌خراوه‌ته كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كه‌وه و پێدانى زهويى موساته‌حه و ته‌رخانكردنى زه‌وى بۆ پرۆژه‌كان، ته‌نيا له چوارچێوه‌ى ياسا و ڕێنماييهكاندا بووه.
هه‌ر له به‌رنامه‌ى كارى وه‌زاره‌تى شارهوانيدا هاتووه كه وه‌زاره‌ت گرنگييهكى به‌رچاوى به پرۆژه‌ى ئاو و ڕاگرتنى پاكوخاوێنيى شار و شارۆچكه‌كان داوه و سه‌ركه‌وتنى پلانى وه‌زاره‌ت له بوارى ئاودا وا ده‌كات كه به سه‌دان بير‌ى ئاو ده‌ستيان لێ هه‌ڵبگيرێت و ئاوى ژێرزه‌وى بپارێزرێت. هه‌روه‌ها پڕۆژهكى وه‌زاره‌تيش بۆ به‌كارهێنانى ئاوى پاكنه‌كراوه بۆ شوشتن و ئاودان هه‌يه كه ده‌بێته هۆى پاراستنى ئاوى پاكى خواردنه‌وه و له قۆناغى يهكهمدا له هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌ر به پێى به‌رنامه‌ى كارى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، زۆرترين ده‌سه‌ڵاته‌كان دراونه‌ته ده‌زگاكانى خواره‌وه‌ى وه‌زاره‌ت و هه‌روه‌ها بۆ له نزيكه‌وه ئاگاداربوون له كێشه و داواكارييه‌كانى هاووڵاتيانش، هه‌موو ڕۆژانى سێشه‌ممه، وه‌زيرى شاره‌وانى و به‌رپرسه په‌يوه‌ندداره‌كانى وه‌زاره‌ت له ديوانى وه‌زاره‌ت چاويان به هاووڵاتيان ده‌كه‌وێت و ڕۆژانى سێشه‌ممه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؛ هه‌موو هاووڵاتييه‌ك ده‌توانێ سه‌ردانى وه‌زاره‌ت بكات. هه‌ر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڕيارى دا هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان هه‌فته‌ى ڕۆژێك بۆ پێشوازيكردن له هاووڵاتيان و گوێگرتن له كێشه و داواكانيان، ديارى بكه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌ندووقى سكاڵا له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان دابمه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ى له ڕێگه‌ى ئه‌و سه‌ندووقه‌وه هاووڵاتيان بتوانن گله‌يى و سكاڵاكانيان بگه‌يه‌نن.
له به‌شێكى ديكه‌ى به‌رنامه‌ى كارى وه‌زاره‌تى شارهوانيدا هاتووه كه كار كراوه بۆ بهئهلهكترۆنيكردنى به‌ڕێوه‌چوون و ڕاييكرنى مامه‌ڵه‌كان و ئێستا هيچ مامه‌ڵه‌يه‌كى كۆن نه‌ماوه كه وه‌ڵامى نه‌درابێته‌وه. ده‌رباره‌ى مامه‌ڵه‌كانى وه‌رگرتن و تاپۆى زهويش، له به‌رنامه‌ى وه‌زاره‌تدا هاتووه كه‌وا به چڕى كار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى كارته‌كان بكرێنه سه‌نه‌د و هاووڵاتيان دڵنيا ده‌كاته‌وه كه‌وا هه‌ر كه‌سێك فه‌رمانى فه‌رمى بۆ وه‌رگرتنى زه‌وى هه‌بێت؛ به دڵنياييه‌وه زه‌وييان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت. به مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رى ياساييش بۆ خانووه بێ تاپۆكان و يهكلاكردنهوهى گرفته‌كانى زه‌وى و زار و حه‌ره‌مى گونده‌كان، وه‌زاره‌ت سێ پرۆژه ياساى ئاراسته‌ى په‌رله‌مان كردووه و بۆ گفتوگۆكردن ئاماده‌يه.
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى قه‌ره‌بووى هاووڵاتيانييش ئه‌وانه‌ى به پێى ياسا مافيان له سه‌ر وه‌زاره‌ته، ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڕيارى دا كه له ئێستاوه ده‌ست به دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان بكرێت و له ماوه‌يه‌كى دياريكراودا سه‌رجه‌م هاووڵاتيان مافى خۆيان وه‌رده‌گرن. هه‌روه‌ها به پێى پلانێك وه‌زاره‌تى شاره‌وانى كارئاسانى بۆ دابينكردنى زه‌وى بۆ پرۆژه‌كانى پيشه‌سازى و كشتو‌كاڵى و گه‌شتيارى ده‌كات.
