لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستووری عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر كرایەوە

لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر پابەندبوون بە دەستووری عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر كرایەوە
5 ئەیلوول/سێڵتێمبەر (گوڵان میدیا)- بەبۆنەی سەردانی شاندێكی باڵای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی خاتوو ئەلیزابێت جۆنز یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و باڵیۆز پاسكال، دوێنێ‌ سێ شەممە 4/9/2012 كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان شاندی ناوبراو و لایەنی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چەندین پرسی سیاسی پەیوەست بە رەوشی ئێستای عێراق و ناوچەكە بە گشتی كرا و جەخت لەسەر بابەتی سیاسەتی نەوتیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تایبەت بەم بوارە لە نێوان بەغدا و هەولێر كرایەوە.
هەروەها رەشنووسەكانی یاسای نەوت و غاز و پرسی داهاتەكانیان و ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی ئەو دۆسیەوە دەكرێن خرانە بەرباس، سەبارەت بە سەرلەنوێ‌ ناردنە دەرەوەی نەوت بە رێگای هێڵی نەوتی عێراقییەوە، لایەنی كوردستانی لە كۆبوونەوەكەدا تەئكیدی لەوە كردەوە كە ئەمجارەیان دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناردنەدەروەی نەوت بە پێی رێككەوتنێكی نەنووسراو بووە لە نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم و بە ئاگاداری و میانگیریی نوێنەرانی ئیدارەی ئەمەریكا، بۆیە دەبوایە حكوومەتی فیدراڵ بە بەڵێنەكانی خۆی پابەند بووایە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە سەبارەت پێدانی خەرجیی ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم كاردەكەن، بەڵام حكوومەتی عێراق هەتا ئێستا ملكەچی رێككەوتنەكە نەبووە و بەڵێنەكانی خۆی نەبردۆتە سەر.
شاندی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی خستەڕوو كە حكوومەتی هەرێم لە دۆخێكی ئەوهادا ناتوانێ‌ لە ناردنە دەرەوەی نەوت بەردەوام بێت، چونكە داهاتی ئەو نەوتە دەچێتە خەزێنەی حكوومەتی عێراقییەوە و ئەویش ئامادە نیە خەرجیی كۆمپانیاكان دابین بكات كە لەسەری رێككەوتووین.
شاندی باڵای ئەمەریكاش روونی كردەوە كە ئیدارەی وڵاتەكەی لەمبارەیەوە پشتگیریی هیچ لایەنێك ناكات دژ بە لایەنێكی دی، بەڵكو داوا لە هەردوو لایەن (حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم) دەكات بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی هاوبەش كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بكات.
شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جەختیشی كردەوە كە ئەمەریكا داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی بە دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە پابەند بن.
لە كۆتایی كۆبوونەوەدا شاندی ئەمەریكا و لایەنی هەرێمی كوردستان تەئكیدیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئەمجۆرە دیدارانەی نێوان نوێنەرانی حكوومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە.
ئەمەو لایەنی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو لە بەڕێزان فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی نوێنەری پێشووی حكوومەتی هەرێم لە واشینگتۆن.
Top