فەریق جەباریاوەر: پێنج خاڵی رێككەوتنی نێوان پێشمەرگە ‌و سوپای عێراق لە قوناغی جێبەجێكردندان

فەریق جەباریاوەر: پێنج خاڵی رێككەوتنی نێوان پێشمەرگە ‌و سوپای عێراق لە قوناغی جێبەجێكردندان
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پێنج خاڵی نێوەرۆكی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری جێبەجێكردندان. وەهایش بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەی هاوبەشی تر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ‌و وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی فیدراڵی عێراقدا ساز بدرێت.
ئەم لێدوانەی فەریق جەبار یاوەر، لە میانەی كۆبوونەوەیەكیدایە كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە نوێنەری ئەمەریكا (osc-I cno)، عەقید ئەناستازیا سازی دا و تێیدا بارودۆخی ناوچە دابڕاوەكان بە گشتی ‌و ناوچەی زومماریان بە تایبەتی تاوتوو كرد.
فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی دا كە وەك وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوورن لەسەر ئەوەی كێشەكان لە رێگای دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت. گوتیشی \"بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە كردەوەتەوە ئەو گرژییەی نێوان هێزی پێشمەرگە ‌و سوپای عێراق پەرە نەستێنیت و هێور بكرێتەوە، چونكە بارودۆخی ناوچەكە هەستیارە و بچووكترین هەڵە دەتوانێت كارەساتی گەورە بخوڵقێنێت ‌و رێگا بۆ تیرۆریستان ‌و ناحەزانی دیموكراسی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان خۆش دەكات كە لەو كەلێنەوە سوود وەربگرن و گورزی خۆیان بوەشێنن.\""
لە بڵاوكراوەیەكیاندا كە دانەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر نێردراوە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان چەندین میكانیزمی گونجاویان ئامادە كردووە و لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا دەیخەنە ڕوو.
عەقید ئەناستازیای نوێنەری نووسینگەی هەماهەنگیی ئەمەریكا - عێراقیش گوتی \""وەك لایەنی ئەمەریكا رۆڵی هەماهەنگی دەگێڕین و هەموو تواناكانمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.\""
4-8 كۆبوونەوەیەك لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە فەریق شێروان عبدالرحمان ‌و فەریق جەبار یاوەر و لە لایەن فیدراڵیشەوە فەریقی یەكەمی روكن علی غێدان فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق‌و فەریق روكن حوسێن عەوادیی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، هاوكات بە بەشداریی دوو جەنەراڵی سەربازیی ئەمەریكایی و نوێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بەڕێوە چوو و تێیدا هەردوو لا گەیشتنە رێككەوتنێكی مەبدەئی كە خۆی لە حەوت خاڵدا دەبینێتەوە كە لە ئێستادا پێنج خاڵی لە بواری جێبەجێكردندایە و بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەی هاوبەشی تر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ‌و وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێت.
"
Top