سەرۆكایەتی هەرێم:هەواڵەكەی رۆژنامەی هاوڵاتی دوورە لە راستییەوە مەبەست لە هەڵبەستنیشی ئەوەندە روون و ئاشكرایە پێویست بە شیكردنەوە ناكات

سەرۆكایەتی هەرێم:هەواڵەكەی رۆژنامەی هاوڵاتی دوورە لە راستییەوە مەبەست لە هەڵبەستنیشی ئەوەندە روون و ئاشكرایە پێویست بە شیكردنەوە ناكات
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ وه‌ڵامی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی دا ده‌ڵێت، رۆژنامەی هاوڵاتی له‌ ژمارە (864) هەواڵێكی ناڕاست و هەڵبەستراوی لە ژێر ناوی (بارزانی كادیرانی یەكێتی نیگەران دەكات) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا هاتووە گوایە سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی نەكردووە بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو پۆستانەی تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە بەتاڵی ماونەتەوە، رونیكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستی.

درێژه‌ی ده‌قی وه‌ڵامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:

لە وەڵامدا دەڵێین؛ بە پێی یاسا و پرانسیپە پەیڕەوكراوەكان، ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو كەس و ناوانە دەستنیشان دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستەكان و دواتر لەلایەن بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانی هەرێمیی بۆ دەردەكرێت، سەبارەت بەو پۆستە بەتاڵانەی پارێزگای سلێمانییش؛ تا ئێستا فەرمانی هەرێمیی بۆ هەر ناوێك دەرچووە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانە كرا بێت.

بۆیە ئەو هەواڵەی رۆژنامەی هاوڵاتی بێجگە لەوەی دوورە لە راستی و ئەتیكی رۆژنامەوانییەوە، مەبەست لە هەڵبەستنیشی ئەوەندە روون و ئاشكرایە پێویست بە شیكردنەوە ناكات!!، لەبەر ئەوەی ئەو قسانەی لە كۆتایی خودی هەواڵەكە و لەسەر زاری سكرتێری یاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، مانشێت و مەرامی راستەقینەی پشت هەواڵەكە ئاوەژوو دەكاتەوە، چونكە بەڕێزیان بە ئاشكرایی دەڵێن؛ پرۆسەكە كێشەی تێدا نییە و بە هۆی كاری پێداچوونەوە لەلایەن لیژنەی تایبەت بە یەكلاییكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی سلێمانی تا ئێستا بە كۆتا نەهاتووە، ئەگینا سەرۆكی هەرێم ئەو ناوانە دادەنێت كە ئەنجومەنی وەزیران دیارییان دەكات.

ئەو قسانەی بەڕێز سكرتێری یاسایی ئەنجومەنی وەزیران بە تەنیا وەڵامی پڕ بە پێستی ئەم هەواڵەی هاوڵاتییە، لەگەڵ ئەوەشدا خوازیارین رۆژنامەی هاوڵاتی لەمەولا ئەو ئەتیكەی پیشەی رۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرێ‌ كە زانیاری راست دەبێتە هۆی وەلانان و هەڵوەشانەوەی زانیاری ناراست، هەر شتێكیش ناڕاستە كە لەسەر ناڕاست بنیات نرابێت. دەپرسین؛ ئەگەر خودی لایەنی پەیوەندیدار بڵێت كارەكە جارێ‌ لای ئەوان یەكلایی نەبۆتەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەكرێ‌، بە كام لۆجیك و پێوەر سەرۆكی هەرێم ئیمزا لەسەر ئەو ناوانە بكات كە هێشتا لە دامەزراوەیەكی دیكەیە و جارێ‌ لەوێ‌ یەكلایی نەبوونەتەوە و نەگەیشتوونەتە سەرۆكایەتی هەرێم؟!!، ئەوە كام پیشەییبوون و ئەتیكی رۆژنامەوانییە وا لە رۆژنامەیەك دەكات ئەو قەڵەمبازە نا پیشەییە بهاوێت و خوێنەرانیش چەواشە بكات؟!!.

بێجگە لەوەش؛ هەواڵەكە نائاگا لە پرانسیپی ئیداریی و سروشتی كاری دامەزراوەكان داڕێژراوە، ئەگەر نا، بۆ نموونە؛ چۆن لە پەرەگرافێكدا دەنووسرێ‌ (بارزانی واژۆی یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان ناكات)!، كڵۆڵی و بێ سەروبەری ئەم رستەیە لەوەدایە داڕێژەرانی نازانن كە دیارییكردنی ناوی كەسەكان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە پۆستەكان یەكلایی دەكاتەوە نەك واژۆی سەرۆكی هەرێم. كەچی بەوەش ناوەستن و لە شوێنێكی دی دەنووسن (دواخستنی ئیمزا لەسەر پۆستەكان)؛ كە لە راستیدا ئیمزا دوا نەخراوە، بەڵكو ئەوە كاری پێداچوونەوەی لیژنەی پەیوەندیدارە بۆتە هۆی یەكلایی نەبوونەوەی پرۆسەكە و دواجار رەوانە نەكردنی ناوەكان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.


راگەیاندنی دیوانی

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان

16/8/2012
Top