ئاژانسی \"BBC\"": ڕهوشی سووریا ههرچۆنێك كۆتایی بێت،كورد یهكێك له براوهكان دهبێت"
(ئارۆن دەیڤید میڵەر) توێژەرەوەیەكی ناسراوی سەنتەری “ودرۆ ویڵسن”ـە لە “واشنتۆن دی سی” و پێی وایە كۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی سەرۆكی سووریا (بەشار ئەسەد) لە بەرژەوەندی كوردەكانی ئەو وڵاتەدا دەبێت.
سووریا خەریكە لێك هەڵدەوەشێت
(ئارۆن دەیڤید میڵەر) دەڵێت: سووریا خەریكە بە تەواوی لێك هەڵدەوەشێت و ئەستەمە جارێكی دیكەیش دەسەڵاتێكی ناوەندی لەو وڵاتەدا دروست بێتەوە، كە بتوانێت تەواوی سووریا بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆی.
(ئارۆن) پێی وایە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخساوە، كە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی لە ناوچە كوردییەكانی سووریادا دابمەزرێنن و تەواوی هەوڵی خۆیشیان بخەنە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا.
ئەم توێژەرەوەیە ئاماژە بەوە دەكات، كە هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێتە هاندەرێكی باش بۆ ئەوەی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستانیش هەوڵ بدەن هەمان ئەزموونی ئەو هەرێمە بۆ خۆیان دووبارە بكەنەوە و مافی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچە كوردییەكان بەدەست بهێنن.
كوردەكان زیرەكانە مامەڵە دەكەن
(فەواز جۆرجیس)ـیش پسپۆڕێكی سیاسەتی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە “قوتابخانەی ئابووریی لەندەن” و دەڵێت: كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان توانیویانە زۆر بە زیرەكی لەگەڵ بارودۆخەكەدا مامەڵە بكەن و هەوڵ بدەن ئەزموونی براكوردەكانیان لە باشووری كوردستان دووبارە بكەنەوە.
ناوبراو پێی وایە، پرسی كورد لە سووریادا دەبێتە بابەتێكی سەرەكیی سووریای نوێ و كوردەكانی ئەو وڵاتەیش تەواوی هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی مافەكانیان.
پرۆفیسۆر “ئۆفرا بینگیۆ”ی بەرپرسی پرۆگرامی “توێژینەوەی كورد”یش لە “سەنتەری موشی دان” لە زانكۆی “تەلئەبیب” پێی وایە، پرسی كورد لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا پێشكەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت، ئەوەیش “بەهۆی بێهێزبوونی ئەو وڵاتانەی كوردی تێدا دەژیت و تێڕوانینی پۆزەتیڤی ئەمەریكا و ڕۆژئاوا دەربارەی كورد، چونكە كورد پێی خۆشە ببێتە هاوپەیمانێكی سەرەكیی ڕۆژئاوا و پاشانیش گەلی كورد توندڕەویی ئایینی ڕەت دەكاتەوە”.
ئەم نووسەرە دەڵێت: “بە كورتی پێم وایە ڕۆژئاوا ئامادەیە یارمەتی گەلی كورد بدات”.
كورد دەبێتە خاوەن پێگەیەكی بەهێز
“بی بی سی” نووسیویەتی، ئەم بەهێزبوونەی كورد هەندێك لە وڵاتی ناوچەكە نیگەران كردووە، لەوانەیش توركیا. هەر بۆیەیش بەرپرسانی ئەنقەرە لە هەوڵی ئەوەدان كورد دەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لە ڕۆژئاوای كوردستاندا نەبێت.
بەڵام توێژەرەوان پێیان وایە،
هەوڵ و كۆششی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی چی دیكە لە لایەن وڵاتێكەوە دانامركێت. پرۆفیسۆر “جیرجیس” دەڵێت پرسی كورد دەبێتە بابەتێكی زۆر سەرەكی و گرنگی لەمەوپاشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم توێژەرەوە دەڵێت: كوردەكان بە سەر چەند وڵاتێكدا دابەش كراون و هەربۆیەیش دەكرێت جارێكی دیكە گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینرێت، بەڵام دەبێت ئەوەیش بگوترێت، كە هێشتا زووە چاوەڕێی دامەزراندنی كوردستانێكی گەورە بكەین.
(جیرجیس) پێ وایە ژمارەیەكی زۆر لە كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 90 ساڵی ڕابردوودا بەردەوامییان هەبووە، واتە پاش واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی “سایكس بیكۆ”، بەڵام خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە ئەوە پیشان دەدەن ناكرێت ئەو سیستەمی كۆلۆنیالیزمە چیدیكە بە سەر ناوچەكەدا جێبەجێ بكرێت، هەربۆیەیش پێویستە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕدرێت.
