گوتەبێژی پارتی، هەر رێککەوتنێکی پارتی و تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە رەت دەکاتەوە

گوتەبێژی پارتی، هەر رێککەوتنێکی پارتی و تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە رەت دەکاتەوە
گوتەبێژی رەسمیی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئەو هەواڵەی رۆژنامەی هاووڵاتی لەبارەی \"رێککەوتنی پارتی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە\"" رەت دەکاتەوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە سیاسەتی هەمیشەیی پارتی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان چارەی ئاشتیانەی کێشەکانە بە رێگەی دیالۆگ.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی رەسمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، جەعفەر ئیبراهیم، لە پێوەندییەکدا لەگەڵ ئاژانسی پەیامنێر ئەو هەواڵەی رۆژنامەی هاووڵاتی کە باس لە لە رێککەوتنی پارتی لەگەڵ تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە دەکات، بە دوور لە راستی وەسف کردن و جەختی کردەوە \""پارتی هەرگیز بۆ لێدان یان زیانگەیاندن بە خەباتی نەتەوەیی هەر پارچەیەکی کوردستان ناچێتە ناو جەمعە ئیقلیمییەکانەوە.\""

گوتەبێژی رەسمیی پارتی هەروەها ئاماژەی دا \""سیاسەتی هەمیشەیی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە مافەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، پێداگرییە لەسەر چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتانەدا بە رێگەی ئاشتی و دیالۆگ.\""

رۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە \""٨٦٠\""ی دوێنێ دووشەممە، ٦ی ئابدا لە مانشێتی سەرەکیدا بڵاوی کردووەتەوە: \""پارتی بۆ لێدانی پەکەکە لەگەڵ تورکیا رێک دەکەوێت، لە نیوەرۆکی راپۆرتەکەشدا هاتووە؛ تورکیاو هەرێمی کوردستان (پارتی) لە رێککەوتنێکی هاوبەشی دەگمەندا لە پاش دیداری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێک دەکەون کە پێکەوە مامەڵە لەگەڵ هەر هەرەشەیەکی رێکخراو و گروپە توندڕۆکاندا بکەن کە بۆشایی دەستەلات لە سوریا بقۆزیتەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ پەکەک و پەیەدە لە تورکیا و سوریادا\""."
Top