پڕۆژەیاسای سیستەم و پڕۆگرامى خوێندن، بە 6 مانگ ئامادە دەکرێت
سەرۆکى لیژنەى پەرورەردە و خوێندنى باڵا، عومەر نورەدینى، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: \"ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن ئەو لیژنەى هاوبەشەى پەرلەمان و وەزارەتى پەروەردەى هەرێم ئامادە دەکرێت کە ئێستا لە قۆناغى دەستبەکاربووندان و 6 مانگى پێویستە تا رەشنووسەکەى ئامادە دەکەن.\""
نورەدینى ڕوونی کردەوە: \""ناوەرۆکى پڕۆژەیاساکە پێداچوونەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن و ئامادەکردنەوەیەتى لە قاڵبێکى گونجاودا، زانستى و سەردەمى، هاوکات پێداچوونەوەیە بە ژیانى مامۆستا، دیاریکردنى ئەرک و مافەکانى و بەهێزکردنى لە پسپۆڕیەکەى. هەروەها دیاریکردنى رێنمایى و مەرجەکانى بوون بە مامۆستایەتى و بوونى ئەنجوومەنى وەزارەتى پەروەردە و قوتابخانەکان و سەربەخۆکردنى دەزگاى پشکنینى تاقیکردنەوەکان.\""
نورەدینی زیاتر گوتی، دواى ئەوەى رەشنوسەکە تەواوبوو، لە قۆناغى دووەمدا بە بانگهێشتى رێکخراوو لایەنە پەیوەندارەکان سیمینار و وۆرک شۆپ لەسەر ئەو رەشنووسە دەبەسترێت بۆ ئەوەى دەوڵەمەند بکرێت و بکرێتە پڕۆژەیاسایەکى پوخت و بە مەبەستى گفتوگۆکردن و پەسندکردنى بدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم."
