سه‌رۆكی كوردستان پێشوازی له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كرد
ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه 1\\8\\2012 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان له هه‌ولێر پێشوازیكرد له به‌ڕێز ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری توركیا و شاندێكی یاوه‌ری كه پێكهاتبوو له عومه‌ر چه‌لیك جێگری سه‌رۆكی ئه‌كپارتی و سه‌نه‌ر ئۆغلۆ راوێژكاری وه‌زیری ده‌ره‌وه و باڵیۆزی توركیا له ئێراقی فیدراڵ و كونسوڵی ئه‌و وڵاته له هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسان.
پاشان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سكرتێری گشتی و مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و كه‌ریم شنگاری وه‌زیری ناوخۆ و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سرووشتیه‌كان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، باس له په‌یوه‌ندییه دوو قوڵیه‌كان و پرسه‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی ره‌وشی سوریا كرا و ئه‌م راگه‌یه‌ندنه رۆژنامه‌وانیه بڵاوكرایه‌وه:
ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر به‌ڕێز ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری توركیا و به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی ئێراق گفتوگۆیه‌كی فراوان و دۆستانه و بونیادنه‌ریان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كان و پرسه‌كانی ئیقلیمی، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بارودۆخی سوریا هه‌بوو. هه‌ردوولا خۆشحاڵى خۆیان به‌رامبه‌ر هه‌نگاوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نیشاندا و له‌سه‌ر فراوانكردنیان له‌گشت بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تی له بواری په‌ره‌پێدانی ئابووری و وزه‌دا رێككه‌وتن.
جه‌ختیان كرده‌وه، كه بارودۆخ له سوریا كاره‌ساتاوییه و مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لی سوریا به‌رده‌وامه، قوربانى و وێرانكردن له ئاستێك دایه، كه وێنه‌ی نییه، ته‌ئكیدشیان كرده‌وه، كه ره‌فتار و سیاسه‌تی رژێمی سوریا بۆ نانه‌وه‌ی ناكۆكی تایفی و ئه‌تنی له ناو وڵات‌دا هێنده‌ی دیكه بارودۆخه‌كه‌ی خراپ كردووه و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی سوریا هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری ئیقلیمی دروست ده‌كات .به هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌م بارودۆخه‌ش مایه‌ی قبوڵكردن نییه.
جه‌ختیشیان له پابه‌ندبوونی خۆیان به گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی سیاسی له سوریا كرده‌وه و دووپاتیان كرده‌وه، ئاینده‌ی سوریا ده‌بێ ته‌نها له‌لایه‌ن ئیراده‌ی ئازادانه‌ی گه‌لی سوریاوه بڕیاری لێ بدرێ.
هه‌ردوو لا رێككه‌وتن له‌سه‌ر هاریكاری و هاوئاهه‌نگی هه‌وڵه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی گه‌لی سوریا بۆ به‌دیهێنانی ویسته ڕه‌واكانی بۆ سوریای دیموكراتی، ئازاد و فره‌یی، كه هه‌موو هاووڵاتیانی له ماف و ئازادییه‌كاندا یه‌كسان بن و له سوریای نوێ‌دا پێویسته ناسنامه‌ی گشت ئه‌تنی، ئاین یا تایفی رێزی لێ بگیردرێ و ده‌بێ مافه‌كانیان دابین بكرێ و بپارێزرێت، هه‌روه‌ها نیگه‌رانی زۆری خۆیان له‌باره‌ى ناسه‌قامگیری و فه‌وزا له سوریا ده‌ربڕی و جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه، كه هه‌ر هه‌وڵێك بۆ قۆستنه‌ی بۆشایی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هه‌ر گرووپ و رێكخراوێكی توندوتیژه‌وه به‌هه‌ڕه‌شه‌ی هاوبه‌ش داده‌نرێ و پێویسته به‌هاوبه‌شی چاره‌سه‌ر بكرێ.
پێویسته سوریای نوێ له هه‌ر گرووپ یا رێكخراوێكی توندڕه‌و و تیرۆریست خاڵی بێت و هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامی راوێژكردن و هاریكاری به‌شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه دابێت.
