راگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لە درێژەی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی، ئەمرۆ چوارشەممە 1/8/2012، لە هەولێر سەبارەت بە چەندین بابەتی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، كۆبوونەوە ئەنجامدرا و گفتوگۆی تێر و تەسەل لەسەر ئەم تەوەرانە كرا:
تەوەری یەكەم: سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەردوو لامان و چۆنیەتی پەرەپێدانی و هاوئاهەنگ كردنی لەگەڵ هەل ومەرجی ئەم قۆناغە بۆ مامەڵەی دروست لەگەڵ روداو و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوخۆی و كوردستان و عێڕاق، هەروەها لەسەرئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و لەسەر ئەو بابەت و پرسگەلانەی پێویستیان بە هەڵوێستی هاوبەش و سیاسەتی هاوبەشی هاوپەیمانی كوردستانی هەبێت هاوهەڵوێستی دووپاتكرایەوە.
تەوەری دووەم: دەربارەی بارودۆخی كوردستان و پەیوەندی نێوان هەردوولامان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان چ ئەوانەی بەشدارن لە حكومەت یاخود ئۆپۆزسیۆنن، كۆبوونەوە جەختیكردەوە لە پەرەپێدانی رەوتی پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كوردستان لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چارەسەری كێشە و ئاستەنگەكان بە دیالۆگ و یەكترقبوڵكردن لەسەر بنەمای رەچاوكردنی ئەرك و مافەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی و رووبەروو بوونەوەی تەنگژە و كێشەكان بە لێك تێگەیشتن و هەروەها بە شێوازی ئاشتی و دیموكراسیانە.
تەوەری سێیەم: باسی كێشە و گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێڕاق كرا، كۆبوونەوە جەختی كردەوە كە لەئاكامی كەڵەكەبوونی كێشەكان و چارەسەرنەكردنیان لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە دروستبون، پێویستە لەم هەل ومەرجە ناسكەی ئێستای ناوخۆیی و هەرێمایەتیدا بە لەبەرچاوگرتنی دەستور و رێككەوتنەكان و هاوسەنگی چارەسەربكرێن و، رەوتی پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە سەر رێبازی دروستی دیموكڕاسیانە و بەدامەزراوەیی كردنی حكومەت و، هەروەها هەنگاونانی جدی بۆ كەمكردنەوەی كەم وكوڕیەكان و دابینكردنی پێداویستیەكانی خەڵكی عێڕاق لەهەموو رویەكەوە.
ئەمەو كۆبوونەوە بۆ زیاتر ئەكتیڤكردنی چالاكی و باشتر جێبەجێكردنی بابەتە بڕیار لێدراوەكانی كۆبوونەوە هاوبەشەكان، بڕیاری لەسەر ئالیەتێكی كارا و گونجاوتر دا، هەروەها كۆبوونەوەی بەردەوام و زوو بەزوو بەگرینگ زانرا بۆ بەدەنگەوەچوون و چارەسەری هەرجۆرە ئاستەنگ و بەربەستێك. لە كەش و هەوایەكی دۆستانەدا كۆتایی بەكۆبوونەوەكە هات.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان
1/8/2012
Top