كار بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی گەشتیاریی هەرێم دەكرێت
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نادر رۆستی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، كە لە رێگەی بەرێوەبەرایەتیی پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان تا ئێستا ژمارەیەك خولی تایبەتیان بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار كردەوەتەوە، 3 خول لە سەنتەری راهێنان و زانیاریی ئەورووپایی كراونەتەوە دواخولیش بە بەشداریی 23 فەرامانبەر لە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە دەستە لە هەر یەكە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان بەشدار بوون، كە لەژێر ناوی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ئەلكترۆنی بووە.
رۆستی گوتی، خولەكە بە هاوكاریی سەنتەری راهێنان و زانیاریی ئەورووپایی (ETTC) بوو كە بابەتەكانی بریتی بوون لە گەشتوگوزاری ئەلكترۆنی، بنەماكانی تێگەیشتن لە گەشتوگوزار، بەكارهێنانی ماڵپەڕ و بەرنامەكانی موبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ پەیوەندیكردن بە گەشتیاران، بابەتەكانیش لە لایەن مامۆستایەكی ئەورووپایی دەگوترانەوە.
زیاتر گوتی \"بەستنەوەی هەموو هۆتێل و مۆتێل و ڕێستورانتەكان بە تۆڕی جیهانی و پەیڕەوكردنی سیستەمی ئۆنلاین یەكێك بوو لە بابەتە كرنگەكان.\""
بە گوتەی ڕۆستی، بەئەلیكترۆنیكردن و بەیەكەوەبەستنەوەی ناوەنەكانی گەشتیاری بە تۆڕی جیهانیی گەشتیارییەوە، زانیاریی گەشتیارییان بەهێز دەكات و بەرچاویان ڕوون دەكاتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر بۆ گەشەكردن و بەئابووریكردنی ئەو كەرتە گرنگە بگرنە بەر، \""لەو رووەوە هەنگاوی زیاترمان لە بەرنامەدایە كە لەوروەوە بیگرینەبەر.\"""
