سه‌عدی پیره: ی.ن.ك و پ.د.ك له‌باره‌ی قه‌یرانه‌كانی به‌غدا هاوهه‌ڵوێستن
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قه‌یرانی سیاسی عیراق تاوتوێكراو تهئیكیدیش له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی و هاوپه‌یمانێتی هه‌ردوو حزب كرایه‌وه‌و دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكردهوهو تیایدا هه‌ردوولا هاوهه‌ڵوێستی خۆیان سه‌باره‌ت به مه‌ترسی و نیگه‌رانییه‌كانی قه‌یرانی سیاسی عیراق له بواره جیاجیاكانی ژیانی سیاسی و سیستمی حوكمڕانی و ئه‌و ئاڕاسته نادروسته‌ی كه دووچاری ره‌وشی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بۆته‌وه، دووپاتكرده‌وه.
سه‌باره‌ت به هۆكارو ئاكامی كۆبوونه‌وه‌كه، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌كاتی بوونی هه‌ر قه‌یرانێك، چ له‌سه‌ر ئاستی عیراق، چ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش، پێویسته هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌رپرسانی دیكه‌ی هه‌رێمدا كۆببنه‌وه‌و داوا له‌لایه‌نه‌كانی تریش بكه‌ن كه گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه بكه‌ن و بۆئه‌وه‌ی رایه‌كی گشتی كوردی و گوتارێكی له‌نێوان هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌و قه‌یرانه رێكبخرێت، یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك بریتی‌بوو له‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ی كه ئه‌مڕۆ له به‌غدا هه‌یه.
سه‌عدی پیره وتیشی: له‌كاتی بوونی ئه‌و قه‌یرانه‌دا به هه‌ڵه تێگه‌یشتنێك هه‌بوو له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه، به‌تایبه‌تی میدیای ئه‌هلی، كه گوایه رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نێوان یه‌كێتیی و پارتی له مه‌ترسیدایه‌و چه‌ندجارێكیش وشه‌ی لێترازان به‌كارهات، ئه‌وه‌ش هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌و دووره له راستییه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندی ستراتیژی نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وامه‌و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسی زۆریش كۆكین.
سه‌باره‌ت به قه‌یرانی به‌غداش، هه‌ردوولا له تهشخیسكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆڵی نوری مالكی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كهمتهخهرمی له جێبه‌جێكردنی یاسا‌و كه‌متر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داخوازی كورد هاوهه‌ڵوێستین.
