پەرلەمانی كوردستان 4 مادە لە پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی پەسند دەكا
پاش ئەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی رەت كردەوە، ئەمڕۆ پەرلەمان لە دانیشتنێكی نهێنیدا گفتوگۆی لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە دەست پێ كردەوە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پەرلەمانی كوردستان 4 مادەی پڕۆژەیاساكەى پەسند كرد.
ئەحمەد وەرتێ سەرۆكی بارستەى بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، هۆى بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكە بە هۆی سووك نەكردنی سزاى ئەو كەسانە بووە كە بە مادەی تیرۆر سزا دراون.
زیاتر گوتی، لە مادەی 3دا كە پەسند كرا هاتووە هەموو ئەو كەسانەی ئاشتەواییان كردووە یان لە ماوەی 4 مانگی رووداوەكەدا دەیكەن ئازاد دەكرێن، لە بڕگەی دووەمی مادەی 3 ـش ئەوانەی ئاشتەواییان نەكردووە بە رێژەی 20% سزاكەیان سووك دەكرێ ، بەڵام ئەوانەی بە مادەی تیرۆر سزا دراون، سزاكانیان سووك ناكرێ.
ئاماژەی بەوەش دا، هەر كەسێك سزا درا پێویستە سزاكەی سووك بكرێ، چونكە دەرچوونی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ ئەوەیە هەموو سزادراوێك لێى سوودمەندبێ، نەك ژمارەیەك سوودمەند بێ و كەسانێكیش هیچ سوودێكی لێ نەبینن.
سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا دانیشتنەكە بۆ سبەی چوارشەم دوابخرێ.
