هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی په‌یمانگای باڵای په‌ره‌پێدانی ئاسایشدایه‌

هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی په‌یمانگای باڵای په‌ره‌پێدانی ئاسایشدایه‌
وه‌ك هه‌نگاوی نوێ و فراوانتر كردنی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی كوردستان له‌ لایه‌ن لیژنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئاوازعه‌بدولواحید ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ، سه‌باره‌ت به‌پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی په‌یمانگای باڵای ئاسایش له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ (پوك میدیا)ی راگه‌یاند : دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌كه‌مان رۆژی 21-5 چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا بۆ دامه‌زراندنی په‌یمانگای باڵای په‌ره‌پێدانی ئاسایش له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌كۆی ده‌نگ به‌هه‌ندێك تێبینی وورده‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان ئاماده‌ كردو ئێستا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای گفتوگۆكانی په‌سه‌ند كردنی بوودجه‌ی ئه‌مساڵ ، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارو گفتوگۆی زیاتری له‌باره‌یه‌وه‌ بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت .

وتیشی : په‌یمانگای باڵای په‌ره‌پێدانی ئاسایش په‌یمانگایه‌كی باڵایه‌ و دامه‌زراندنی ئه‌م په‌یمانگایه‌ش رۆڵی تایبه‌تی خۆی ده‌بینێت و ساڵانه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئه‌فسه‌رانی هێزه‌كانی ناوخۆ له‌خۆ ده‌گرێت و ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌په‌یمانگایه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌و ماوه‌ی خوێندنیش له‌په‌یمانگاكه‌ 1 ساڵ ده‌بێت و به‌پێی رێنمایی تایبه‌ت به‌م بواره‌ خوێندكاران له‌م په‌یمانگایه‌ وه‌رده‌گیرێن .
راشیگه‌یاند : گرنگی دامه‌زراندنی ئه‌م په‌یمانگایه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ئه‌فسه‌رانی هێزه‌كانی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه‌ ده‌توانن له‌م په‌یمانگایه‌ بخوێنن و په‌ره‌ به‌توانا سه‌ربازی و زانستیه‌كانی خۆیان بده‌ن ، به‌مه‌ش ده‌توانرێت له‌داهاتوو زیاتر به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمییانه‌ په‌ره‌ به‌كاره‌كانی ئاسایش و هێزه‌كانی ناوخۆی هه‌رێم بدرێت و به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ش وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگاكه‌ ده‌بێت و ده‌سته‌یه‌ك بۆ په‌یمانگاكه‌ داده‌مه‌زرێت و هه‌ر ئه‌فسه‌رێكی هێزه‌كانی ناوخۆش كه‌بیه‌وێت له‌م په‌یمانگایه‌ بخوێنێت ئه‌وا مۆڵه‌تی خوێندنی به‌مووچه‌ی ته‌واوه‌وه‌ پی ده‌درێت .
Top