تاڵەبانی، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ڕادەستی بارزانی دەكات

تاڵەبانی، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ڕادەستی بارزانی دەكات
-نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراق ئاماده‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ند وه‌كو كارتی گوشار به‌ كار بهێنرێت.
نێچیرڤان بارزانی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (هاووڵاتی - ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممە) ده‌ڵێت \"مام جه‌لال ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ و ته‌سلیمی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر شوێنێك پێویست بوو وه‌كو كارتی گوشار به‌ كاری بهێنێت\"".

نێچیرڤان بارزانی هۆكاری ئه‌و هه‌نگاوه‌ی تاڵه‌بانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نیشاندانی هه‌ڵوێستی خۆی و یه‌كێتی بۆ یه‌كده‌نگیی كورد به‌رامبه‌ر كێشه‌كانی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدا.

نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی تێڕوانینی یەکێتی و پارتییەوە بە رانبەر کێشەکانی بەغدا، رایگەیاند \""ئێمە گرنگی نادەین بە چەند دەنگێک، ئەوەی بە لامانەوە گرنگە مام جەلال بە هەموو توانایەکییەوە پشتگیری لە بۆچوونەکانی هەرێم دەکات بەرانبەر بەغدا.\""

هاوکات جەختیشی کردووەتەوە کە هێزە کوردییەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە لەو کێشانەدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە بارەی پرسی چاکسازییشەوە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە چاکسازی بە لیژنە و بڕیاری فەرمی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک دەزگا هەیە بەدواداچوون لەسەر کەموکوڕی و گەندەڵییەکان بکات.

نێچیرڤان بارزانی، نەبوونی کوالێتی کۆنترۆڵ بە هۆکاری کەموکوڕییەکان دادەنێت و دەڵێت \""دوای چارەکردنی ئەو هۆکارە کێشەکانی تر ئاسان کۆنترۆڵ دەکرێن.\""

هاوکات جەختی کردووەتەوە کە ئامادە نییە هەڵە و کەموکوڕی هیچ وەزیر و بەرپرسێک هەڵبگرێت و هەر کەمتەرخەمییەکیش لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."
Top