سەرۆكی حكوومەت ئەنجامی سەردانەكەی بۆ توركیا بە پەرلەمان راگەیاند
نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی حكوومەتەكەی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان خستە ڕوو لە هاوكاریكردنى لێژنە هەمیشەییەكانى پەرلەمان و ئامادەبوونى وەزیرەكان لە دانیشتنى پەرلەمان و لێژنەكان.
سەرۆكى حكوومەتى هەرێمى كوردستان پوختەیەكى لەبارەى سەردانەكەى بۆ توركیا باسكرد و دەرئەنجامى دیدار و كۆبوونەوەكانى لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانى ئەو وڵاتە لەڕووى سیاسی، ئابوورى، بازرگانى و وەبەرهێنان بە سەركەوتوو ناو برد.
ئەو زانیارییانە لە میانی كۆبوونەوەیەكی نێوان سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هات كە ئەمڕۆ لە پەرلەمان بەڕێوە چوو.
رۆژی چوارشەمی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هەرێمەكە گەیشتنە توركیا و لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ عەبدوڵا گوڵ سەركۆمار و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی و ژمارەیەك وەزیری توركیا كۆ بوونەوە.
