یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ مالیكی: گرەو لەسەر ناكۆكی ئێمە و پارتی مەكە
ئەو پەرلەمانتارە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، ئەوەی نەدركاند كە پەیامەكە بەشێوەی زارەكی بووە یان نووسراو، بەڵام گوتی \""گرنگ پەیامەكەی پێگەیشتووە، بۆئەوەی بزانێ كە قسە لەسەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات ئەوە كارێكی خراپی كردووە، چونكە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستانە بە یەكێتییەكانیشەوە\"".
هەر لەبارەی ئەو پەیامەوە، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ ههفتهنامهی(رووداو) گوتی \""ئەو بابەتە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی باسكرا، دواتر بەفەرمی ئەو پەیامە بە مالیكی راگەیێندرا\""، گوتیشی \""لە دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، مام جەلال لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوری مالیكی هەڵوێستی یەكێتی پێڕاگەیاندووە لەو قەیرانەی ئێستا عێراق تێیكەوتووە كە ئەوان گرەو لەسەر كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی نەكەن\"".
ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەشدا كە \""مالیكی تاكتیكێكی هەبووە بۆ لاوازكردنی بەرەی یەكگرتووی یەكێتی و پارتی\"". د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا كە لە ژمارەی رابردووی (رووداو) بڵاوكرایەوە، گوتی كە ئامانجێكی مالیكی لە هاتنەكەی بۆ كەركووك دروستكردنی كێشەبوو لەنێوان پارتی و یەكێتیدا \"" چونكە پێیوابوو وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەتی عێراقدا دەچنە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كەركووك\"".
ئەڤین هرۆری، ئەندامی سەركردایەتی پارتی، پەیامەكەی یەكێتی لەوكاتەدا بۆ مالیكی بە \""گرنگ\"" وەسفكرد و بە (رووداو)ی گوت \""ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزی ناوماڵی كوردە، چونكە بێگومان مالیكی دەیەوێ كاربكات بۆ قۆستنەوەی گرفتەكانی ئێمە و یەكێتی، بەو دواییەش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە دەستدەخاتە نێو یەكڕیزی كوردەوە\"".
لەلایەكی دیكەوە عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا بە (رووداو)ی راگەیاند كە جیاوازی لە هەڵوێستی بارزانی و تاڵەبانی بەرامبەر مەسەلەكانی عێراق جیاوازی نێوان یەكێتی و پارتی نییە، بەڵكو جیاوازی بەرپرسیارێتی ئەو دوو كەسایەتییەیە وەك سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
عەدنان موفتی گوتی \""وەك دوو سەركردەی كورد جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە، جیاوازییان هەیە لە بۆچوون و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكان. بەڵام لەڕووی مەسەلەی ستراتیژی جیاوازی ئەوتۆیان نییە. لە رێككەوتنی پێنج قۆڵی هەولێر كە سەرۆك كۆمار ئیمزای نامەكەی نەكرد لەبەر ئەوەبوو كە سەرۆك كۆمارەو دەبێ بێلایەن بێ، بەڵام كاك مەسعود لەجیاتی پارتی و یەكێتی ئیمزای كرد، ئینجا ئەگەر خەڵك پێیانوایە ئەوە جیاوازییە لەنێوان كاك مەسعود و مام جەلال، ئەوە وانییە بەڵكو بەرپرسیارێتییان جیاوازە\"".
ئەو هەروەها گوتیشی كە هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ لەگەڵ مالیكی ماوە \""ئەگەر پابەندی دەستوور بێت\""، لەبارەی هەڕەشەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر مالیكی، عەدنان موفتی گوتی \""بەباشی نازانم بەڵگە بڵاوبكرێنەوە\""."
