فەلاح مستەفا: باسكردنی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمدا بۆ كێشە نانەوەیە

فەلاح مستەفا: باسكردنی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمدا بۆ كێشە نانەوەیە
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە وروژاندنی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستان بۆ ناوەی كێشەیە و داوای بەڵگەی سەلێمنەری كرد لەو رووەوە، ئاماژەی دا، كونسوڵی ئێران لە هەولێر بانگهێشتن كراوە و داوای زانیاری دروستی لێكرا، بەڵام نەیبوو.

لە هەرێمی كوردستان ناو بەناو پرسی بوونی چالاكی ئیسرائیل لەناو هەرێمی كوردستان دێتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە و گرژی دروست دەكا، لایەنی ئێرانیش لەم ماوەیەدا بە رەسمی لە زاری كونسوڵەكەیەوە لە هەولێر ئەو پرسە دەوروژێنێ.

فەلاح مستەفا بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پێمان سەیرە كونسوڵی ئێران لە هەولێر بە بۆنە و بێ بۆنە ئەو پرسە دەوروژێنێ، بۆیە بە ڕەسمی بانگهێشتنمان كرد بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و داوامان كرد ئەگەر بەڵگەی رەسمی هەیە بیخانە روو، بۆ ئەوەی بە رەسمی رێوشوێنی خۆمان بگرینە بەر و هەنگاوەی كردەنی بنێین، ئەگەرنا پێویست ناكا بە بۆنە و بێ بۆنە هێرش بكەنە سەر حكوومەتی هەرێم، بەڵام هیچ بەڵگەی لا نەبوو.

\"ئێستە وەك حكوومەتی هەرێم داوامان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كردووە بە رەسمی داوا لە ئێران بكا روونكردنەوەی تەواو بدەن لەو بارەیەوە\"" مستەفا گوتی.

بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە، لەو رووەوە هیچ لایەن و كەسێك بەڵگەی نییە و تەنیا دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكەن.

حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە حەوتووی رابردوو بەریانێكی وەشاند و وەڵامی‌ هەندێك لە بەرپرسانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانی‌ دایەوە لەبارەی ئاڕاستەكردنی‌ تۆمەت بۆ هەرێمەكە بەوەی‌ بووەتە بنكەی مەشق پێكردن و شوێنی چالاكی سیخوڕەكانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و بە بێ بنەما ناوی برد."
Top