بارزانی، لە کۆبوونەوە پێنجقۆڵییەکەی نەجەفدا بەشدار دەبێت

بارزانی، لە کۆبوونەوە پێنجقۆڵییەکەی نەجەفدا بەشدار دەبێت
وەها بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌، مەسعوود بارزانی و جێگری دووەمی سکرتیری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، بچنە نەجەف ‌و لەگەڵ سەرۆكی رەوتی سەدر‌، موقتەدا سەدر و ژمارەیەك لە سەركردە باڵاكانی دیكەی عێراقدا كۆ ببنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شاری نەجەف ڕێوشوێنی ئەمنیی توند تێیدا گیراوەتە بەر بە مەبەستی کۆبوونەوەی قەوارە سیاسییەکان تاکو قۆناغی دوای تەواوبوونی مۆڵەتە 15 رۆژییەکەی بە هاوپەیمانیی نیشتیمانیی درابوو بۆ چارەكردنی كێشەكانی عێراق، بخەنە بەر باس.

وەهایش چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەی کە لە ماڵی موقتەدا سەدردا ئەنجام دەدرێت و تەواوكەری كۆبوونەوە پێنجقۆڵییەكەی مانگی رابردووی شاری هەولێرە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نوجێفی، تێیدا بەشدار بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەنگە ئەیاد عەللاوی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نەبێ، بەو هۆیەوەی کە لە ٢٠٠٤ـدا بۆردومانی نەجەفی کردووە و لە ئێستادا لای نەجەفییەکان بێزراوە.

28ی نیسانی رابردوو بە سەرپەرشتیی سەرۆككۆماری عێراق، جەلال تاڵەبانی و ئەندامەتیی سەرۆكی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، سەرۆكی عێراقییە ئەیاد عەللاوی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئوسامە نوجێفی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، سەبارەت بە قەیرانە سیاسییەكەی وڵات لە شاری هەولێر كۆ بوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە دواتر بە كۆبوونەوە پێنجقۆڵییەكە ناسرا، بڕیار درا كۆمەڵێك خاڵی پێوەست بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری‌و چاكسازیكردن لە شێوازی حوكمڕانی‌ و پابەندبوون بە رێككەوتننامەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان، درا.

دواتریش ئەو داواكارییانە لەرێی نامەیەكەوە گەیەندرانە هاوپەیمانیی نیشتیمانی بۆ ئەوەی لە ماوەی 15 رۆژدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، جێبەجێیان بكات.


پێنجشەممەی رابردوویش 17ی ئایار، دوارۆژی مۆڵەتە 15رۆژییەكە بوو.
Top