عیماد ئەحمەد: دۆستایەتى هەموو لایەنەكانى عێراق دەكەین بۆ مسۆگەركردنى مافەكانمان
عیماد ئەحمەد ئەمڕۆ پێنجشەم دواى سەردانى سەرۆكایەتیى شارەوانى و كۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانى شارەوانى سلێمانى، لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا لەبارەى زیادكردنى سنوورى شار و گوندەكان بەشێوەیەكى نایاسایى، گوتى، ئەمڕۆ باسمان لەو بابەتە كرد و داوامان كرد نووسراوێك بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرز بكەنەوە تا لێكۆڵینەوەى لەسەر بكەین، هەروەها هەر سكاڵایەكمان لەو بارەیەوە بەدەست بگات لێژنەى لێكۆڵینەوەى لەسەر دروست دەكەین.
لەبارەى تەواوبوونى وادەى یاسایى ئەنجوومەنى شارەوانییەكانى هەرێمەوە، جێگرى سەرۆكى حكوومەت ڕاى گەیاند، پێویستە پەرلەمانى كوردستان پڕۆژەیاسایەكى نوىَ لەبارەى ئەنجوومەنى شارەوانییەكانەوە دەربكات كە پێش 12 ساڵ هەڵبژێرراون و وادەكەیان تەواو بووە.
ئەحمەد لەبارەى پێوەندییەكانى نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەی خستە ڕوو كە وەك هەرێمى كوردستان پێیان خۆشە لەڕێگەى گفتوگۆ و دەستوورەوە چارەسەرى كێشەكان لەگەڵ بەغدا بكەن و هیچ دەرگەیەكیان لەو ڕووەوە دانەخستووە، بگرە داواى مافەكانى خۆمان كردووە، هەروەها \"دۆستایەتى هەموو لایەنەكانى عێراق دەكەین بۆ مسۆگەركردنى مافەكانمان\""."
