مالیكی یان دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، یان خۆی دەگۆڕدرێ

مالیكی یان دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، یان خۆی دەگۆڕدرێ
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم رایدەگەیەنێت كە لێدوانەكەی سەرۆك وەزیران لەبارەی ئەگەری سڕكردنی دەستووری عیراق، ئەنجامدانی كودەتای سەربازی دەگەیەنێت‌و بەرگریش لە هەڵوێستەكەی پارێزگاری كەركوك دەكات كاتێك پێشوازی لە نوری مالیكی كردبوو.

دوای ئەو مشتومڕەی سەردانەكەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بۆ كەركوك دروستیكردو بەهۆی كۆبوونەوەی لەگەڵ مالیكیدا رەخنە لە د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك گیرا، د.فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات كە رەزامەندی سەركردەكانی كوردی لەسەر بووە.

فوئاد حسێن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هەفتەنامەی رووداو، دەڵێت كە لەلایەن مام جەلال سەرۆك كۆمارەوە داوا لە د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كرابوو \"بمێنێتەوەو رەزامەندی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی لەسەر بووە، لەلایەن (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە پێیگوتراوە بمێنێتەوە\"".

جەختیش دەكاتەوە لەوەی كە پارێزگاری كەركوك \""سەربەخۆ هیچ شتێكی نەكردووە (...) پارێزگاری كەركوك كەسێكی مولتەزیمە بە كوردستان‌و بەردەوام هەڵوێستی هەیە. زوڵمی لێدەكرێت ئەگەر بوترێ سەربەخۆ ئەو كارەی كردووە\"".

ئەوەش دەخاتەڕوو هەر وەك چۆن وەزیرەكانی كورد بەشدارییان لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا نەكرد، \""ئەگەر سەركردایەتی كورد فەرمانی بكردبا، پارێزگاریش ئامادە نەبوو\"".

رۆژی شەممەی رابردوو فەیسەڵ دەباغ راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا رەخنە لە بەرپرسانی ئیداری پارێزگای كەركوك گرت، چونكە رۆژی 8ی ئایار، پێشوازییان لە نوری مالیكی كردووە، كاتێك سەردانی كەركوكی كردبوو.

راوێژكارەكەی بارزانی ئەو هەڵوێستەی بەرپرسانی ئیداری كەركوكی وەك هەڵوێستێكی شەرمهێنەر‌و مایەی \""خەجاڵەتی\"" وەسفكردبوو.

بەڵام فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێت : \""پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كەركوكە، ماليكیش هاتبوو بۆ كەركوك، مەعقول نەبوو لەگەڵی دانەنیشن\"".

لەو بڕوایەشدایە دروستكردنی كێشە لەنێوان كوردو عەرەب، یەكێتی‌و پارتی، هاوپەیمانی كوردستان‌و عیراقییەو نیشاندانی هێزی سەربازی، لە ئامانجەكانی سەردانەكەی نوری مالیكی بوون بۆ كەركوك، بەڵام لەوبڕوایەدایە كە مالیكی لە بەدەستخستنی ئامانجەكاتی سەركەوتوو نەبووە.

نوری مالیكی لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی عیراقییە ئاماژەیدا بە ئەگەری راگرتنی كاركردن بە دەستوور، ئەگەر هاتوو شەريكەكانی لە پرۆسەی سیاسیی عیراق پابەند نەبن بە جێبەجێكردنی دەستوورەكەوە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمیش لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو لێدوانانەی مالیكی \""بە ڕاستی مەترسیدارن (...) چونكە بە سڕكردنی دەستوور، پەرلەمان نامێنێ، دادگای فیدراڵی نامێنێ، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نامێنێ‌و سڕكردنی دەستوو واتە كودەتای سەربازی‌و تەواو\"".

فوئاد حسێن جەخت دەكاتەوە لەوەی پێویستە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سیاسەتەكانی خۆی بگۆڕێ و دەڵێت: \""مالیكی یان دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، یان خۆی دەگۆڕدرێ\"".


-خەندان"
Top