سەعدییە.. بۆمبێكی چێندراو بە خێزانێکی پارتیدا تەقییەوە
بەرپرسی ناوچەی سەعدییەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، حاكم حەسەن، بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: \"سەعات 6:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ لە كۆمەڵگای حەمرین كە دواسنووری هەرێمی كوردستانە، بۆمبێكی چێندراو لە لایەن تیرۆریستانەوە لە بەر ماڵی كادرێكی ناوچەی سەعدییەی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە ناوی باقر محەممەد، تەقێندرایەوە و لە ئاكامدا دایكی ناوبراو غەنییە سەید، كوژرا و خۆی و هاوسەرەكەیشی بریندار بوون و کە برینی هاوسەرەكەی سەختە.\""
بە گوتەی حاکم حەسەن، رووداوەكە زیانی ماددیی زۆریشی لێكەوتووەتەوە و تا ئێستایش ئەنجامدەرانی نادیارن.
ئەو هەروەها گوتی کە لە لایەن تیرۆیستان و گرووپە چەكدارەكانەوە بە بەردەوامی كردەی لەمجۆرە دژی كادیر و لایەنگرانی پارتییە سیاسییە كوردستانییەكان و هاووڵاتیانی كورد و عەرەب و توركمان ر ئەنجام دەدرێت.
جێی ئاماژەیە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بە هۆی بەردەوامیی كردەوە تیرۆریستییەكانەوە لە شارۆچكەی سەعدییە زیاتر لە400 هاووڵاتی تیرۆر كراون كە زۆربەیان كوردن و هاوكات بە هۆی ئەم كردەوانەوە زیاتر لە 500 خێزانی كوردیش لە شارەدێی سەعدییە كۆچییان كردووە.
"
