هەر حزبێکی مۆَڵەتدار دەتوانێت بەشداریی پڕۆسەى هەڵبژاردن بکات

هەر حزبێکی مۆَڵەتدار دەتوانێت بەشداریی پڕۆسەى هەڵبژاردن بکات
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جیا لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو هەر حزبێک مۆَڵەتی یاسایی هەبێت، دەتوانێت بەشداریی پڕۆسەى هەڵبژاردنی ئەنجوومە نی پارێزگاکان بکات.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێنمایى و مەرجى تۆمارکردنى قەوارە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، داوەتە حزب و لایەنە سیاسییەکان. تۆمارکردنیشیان لە دوو هەفتەى داهاتوو دەست پێدەکات.
سەرۆکى دەستەى گشتیى هەڵبژاردنەکانى هەرێم، عەلى قادر، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: \"یەکێک لە بڕگەکانى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە بڕیارە لە 27 ى ئەیلوولى ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، تۆمارکردنى قەوارە سیاسییەکانە بۆ ئەو مەبەستەیش هەنگاوى پێویست نراوە و رێنمایى و مەرجى تۆمارکردن دراوەتە حزب و لایەنە سیاسییەکان و بڕیارە لە کۆتایى ئەم مانگە یان سەرەتاى مانگى داهاتوودا دەست ب بە پڕۆسەى تۆمارکردنیان بکەین\"".

بە گوتی ئەو، مەرج و رێنماییەکانى تۆمارکردن هەروەک پێشووە، جگە لە گۆڕانێکى کەم نەبێت کە ئەویش ئەوەیە پێشووتر دەبوایە قەوارە سیاسییەکە ناوى 500 دەنگدەرى خۆى خستبایەتە ڕوو، ئێستا ئەوە نەماوە و گرنگ ئەوەیە بەپێى یاساى پارتییە سیاسییەکان مۆڵەتی لە وەزارەتى ناوخۆ وەرگرتبێت و جا پێشوتر بەشدارى هەڵبژاردنەکانى کردبێت یان نا.

بەپێى راگەیەنراوێکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دواى تۆمارکردنى ناوى قەوارە سیاسییەکان بە مەبەستى دڵنیابوون لە هاتنەوەى ناوەکانیان بۆ بەشداریکرنیان لە هەڵبژاردەنەکان، بڕیارە لە مانگی تەمموزى ئەمساڵ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکرێنەوە و هاووڵاتیان سەردانیان بکەن.

لە لێدوانێکى رۆژى رابروویشیدا، لیپرسراوى پەیوەندییە جەماوەرییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، عەبدولرەحمان خەلیفە، بە پەیامنێرى راگەیاندبوو، بە هۆى قۆناغى گواستنەوەى دەستەڵاتى کۆمسیۆنى ئێستا بۆ کۆمسیۆنى داهاتوو کە ئێستا کار بۆ پێکهێنانى دەکرێت، پێیانباشە مانگێک یان دوو مانگ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە وادەى خۆى دوا بکەوێت."
Top