به‌م نزیکانه‌ روفاتی‌ 700 ئه‌نفالکراوی‌ سنووری‌ چه‌مه‌چماڵ ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ زێدی‌ خۆیان

به‌م نزیکانه‌ روفاتی‌ 700 ئه‌نفالکراوی‌ سنووری‌ چه‌مه‌چماڵ ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ زێدی‌ خۆیان
به‌ مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌سازی‌ بۆ به‌خاکسپاردنی‌ روفاتی‌ ئه‌و ئه‌نفالکراوانه‌ی‌ له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی‌ سنووری‌ مه‌هاری‌ و حه‌مرین دۆزرانه‌وه‌، ئه‌مڕۆ وه‌زیری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی‌ ئه‌نجام دا و بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی‌ نزیکدا ئه‌و روفاتانه‌ که‌ ژماره‌یان 700 که‌سه‌ بهێندرێنه‌وه‌ زێدی‌ خۆیان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی‌ چه‌مچه‌ماڵ \"سه‌لمان ره‌مه‌زان\"" به‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ په‌یامنێری‌ راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ مۆنۆمێنتی‌ بانی‌ مه‌قان له‌ چه‌مچه‌ماڵ، وه‌زیری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان \""ئارام ئه‌حمه‌د\"" له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کانی‌ وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی‌ سنووری‌ سلێمانی‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی‌ ناوچه‌که‌، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی‌ ئه‌نجام دا.

سه‌لمان ره‌مه‌زان ئاماژه‌شی دا: ئامانج له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاماده‌سازی‌ کردن بوو بۆ هێنانه‌وه‌ی‌ روفاته‌کانی‌ مه‌هاری‌ و حه‌مرین که‌ ژماره‌یان 700که‌سه و ئێستا له‌ وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان له‌ سندوقدا ئاماده‌کراون.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کانی‌ چه‌مچه‌ماڵ روونیشی کرده‌وه‌: روفاته‌کان شیکاریی پزیشکیان بۆ کراوه‌ و سه‌رجه‌میان خه‌ڵکی‌ سنووری‌ چه‌مه‌چماڵن و به‌م نزیکانه‌ که‌ پێده‌چێت هه‌فته‌ی‌ داهاتووبێت له‌ مه‌راسیمێکی شایسته‌دا ده‌هێندرێنه‌وه‌ زێدی‌ خۆیان و له‌ مۆنۆمێنتی‌ بانی‌ مه‌قانی‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌خاک ده‌سپێردرێن."
Top