سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز و به‌رپرسی ئۆفیسی هاوكاری ئاسایشیی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق كرد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز و به‌رپرسی ئۆفیسی هاوكاری ئاسایشیی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق كرد
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 5/5/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێزان جێمس جیفری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و ژه‌نه‌راڵ رۆبه‌رت كاسلن به‌رپرسی ئۆفیسی هاوكاری ئاسایشیی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و ئه‌لیكس له‌سكاریس كونسوڵی گشتی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان.

له‌ دیدارێكدا ، هه‌ر دوولا باسیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و ئه‌و قه‌یرانانه‌ كرد كه‌ ئێستا رووبه‌ڕووی عیراق بۆته‌وه‌ و جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م قه‌یران و پرسه‌كان ده‌كرێ‌ له‌ رێگه‌ی پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ و رێككه‌وتنه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و پابه‌ندی خۆشیان سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی له‌ عیراق دووپاتكرده‌وه‌ و ته‌ئكیدیشیان له‌وه‌كرد كه‌ رێز له‌ هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك ده‌گرن كه‌ خه‌ڵكی عیراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا نیازی ئه‌نجامدانیان هه‌بێ‌.

سه‌رۆك بارزانی به‌ تێرو ته‌سه‌لی باسی كۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵی و سێ‌ قۆلی و پێنج قۆڵییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كرد كه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام دران و ته‌ئكیدیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نها دیكتاتۆریه‌ت ده‌توانێ‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق جارێكی دیكه‌ پابه‌ندی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ و بایه‌خی وڵاته‌كه‌شی له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا دووباره‌ كرده‌وه‌.

ئه‌مه‌و له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا ، ژه‌نه‌راڵ كاسلن به‌رپرسی ئۆفیسی هاوكاری ئه‌منی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق باسی رۆڵی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان سوپای ئه‌مه‌ریكا و سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی كرد له‌و ناوچانه‌ی كه‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستوور ده‌یانگرێته‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئه‌و هێزانه‌ ئه‌نجام بدرێ‌ بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌و ره‌وشه‌ی كه‌ له‌ هه‌ندێ‌ ئه‌و ناوچانه‌دا هاتونه‌ته‌ پێش.
Top