1559 سزادراوی سیاسى ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان

1559 سزادراوی سیاسى ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان
بەرپرسی فایلی پێشمەرگە و فەرمانبەرە سزادراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیارێكی نوێی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی ئاشكراكرد، بۆ گێڕانەوە سەر كاری تەواوی ئەو سزادراوە سیاسیانەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2009ەوە لە سەر كارەكانیان لادراون بەهۆی بیروڕای جیاواز و گوتی\"بڕیارەكە ماوەی مانگێكی بۆ دیاری كراوە\"".

پەیام ئەحمەد، دەڵێ‌\""هەرچەندە گرنگی بڕیارەكە لە جێبەجێ كردنیدایە ، بەڵام هەست بە جددیەتی سەرۆك وەزیران دەكەین، چوونكە تەنیا ماوەی مانگێكی بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەو بڕیارە دیاری كردووە بۆ وەزارەتەكان و داواش دەكات، هەر كەسێك نەگەڕێنرایەوە، پەیوەندی بە لیژنەی سزادراوەكانەوە بكات\"".

بڕیارەكە ئیمزای نێچیرەوان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی بەسەرەوەیە و رۆژی 2/5دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم وەزارەتە پێوەندیدارەكانی حكومەت كراوە. وەك پەیام ئەحمەد باسی دەكات، ئەو بڕیارە تەواوی ئەو لیستە 1559كەسییە دەگرێتەوە، كە ئەوان وەك بزووتنەوەی گۆڕان پێشكەشی سەرۆكی حكومەتی پێشوو، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵحیان كردبوو تا كاری لەسەر بكات.

دوای هەڵبژاردنەكانی 25تەموزی 2009، كاتێك ئۆپۆزسیۆنە نوێیەكە توانی 25كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێ‌،رایانگەیاند رووبەروی كاردانەوەی توندی سزادانی ئەندام و لایەنگرانیان بوونەتەوە لەلایەن هەردووو حیزبی دەسەڵات، بە تایبەتی یەكێتی لە سلێمانی و گەرمیان و یەكەم جار لیستێكی 1700كەسیان وەك سزادراو، كە خۆیان بە(نان بڕاو) نێویان دەبرد راگەیاند. بەڵام دواتر لیستەكە بووە 1559كەس و بەرهەم ساڵح، سەرۆكی كابینەی پێشوو چەند جارێك بەڵێنی چارەسەركردنی داو بڕیاریشی بۆ دەركرد.

ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان، كە بە درێژایی دووساڵی رابردوو سەرپەرشتی دۆسێكەی دەكرد، دەڵێ‌\"" بەرپرسی فەرماندەییەكان و ئاسایش بڕیارەكەیان جێبەجێ‌ نەدەكرد، مەسەلەكە هەروا مایەوە، ئێستا بڕیارێكی نوێی سەرۆكی حكومەت دەرچووە و هیوادارین ئەمجارە حكومەت جدی بێ‌ لەسەر جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكانی خۆی\""."
Top