زیاتر لە 50 ئاژانسی نێودەوڵەتی و 13 ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمدا هەن

 زیاتر لە 50 ئاژانسی نێودەوڵەتی و 13 ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمدا هەن
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دكتۆر (دیندار زێباری) دیمانه‌ی: ڕێبین حەسەن
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دكتۆر (دیندار زێباری) لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا، ڕایگەیاند كە هیچ بەندیخانەیەكی نهێنی لە هەرێمی كوردستاندا بوونی نییە و هیچ كەسێكیش نییە لەسەر قەزیەی سیاسی بەند كرابێت.

* پێوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە هەرێمدا لە چ ئاستێكدایە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟

- پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیانەدا كە لە هەرێمی كوردستان هەن، لە ئاستێكی زۆر باشدایە، چونكە زۆربەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە هەموو بوارەكاندا چالاكن.

ئەو ڕێكخراوانە بەردەوام هاوكاریی دامودەستگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی مەدەنی و سیستەمی حوكمڕانی دەكەن، هەندێك لەو ڕێكخراوانە بارەگایان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا نییانە، لەبەر وەزعی سەقامگیری هەرێم ژمارەیەكی زۆری ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی ڕوو لە هەرێم دەكەن. جگە لەمەیش، نێردەی سیاسیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستاندا، لە بواری دەستووری و هەڵسەنگاندنی وەزعی سیاسیدا، هاوكاریی ئێمە دەكات.

* ئاژانسە جیهانییەكان لە هەرێم ژمارەیان چەندە؟
- 13 ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و نووسینگەی تایبەتیان هەیە. هەروەها ستافی نەتەوە یەكگرتووەكان بە تەنیا لە هەرێمی كوردستان 500 كارمەندیان هەیە، زیاتر لە 50 ڕێكخراوی دیكەی نێودەوڵەتییش لە هەرێمی كوردستاندا نووسینگەی سەرەكییان هەیە و زۆر چالاكن. هەندێك ئاژانسی دیكەی سەر بە یۆنامی بارەگای خۆیان لە سلێمانی كردووەتەوە،

یەكیەتیی ئەورووپایش بەنیازە لقی دیكەی خۆی لە دهۆك و سلێمانی بكاتەوە، دوای ئەوەی بە هۆی كوژرانی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە عێراق، بارەگای خۆی بۆ عەمان گواستەوە، ئێستا بڕیاری داوە كە سەرجەم بارەگاكانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە و ئەو پڕۆسەیەیش دەستی پێ كردووە، ئێمە داوامان كردووە نەتەوە یەكگرتووەكان بێتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لێرەوە خزمەتی هەموو عێراق بكرێت.

* تێڕوانینی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمدا چۆنە؟

- ئێمە دوو جۆرە ڕاپۆرتمان هەیە، یەكێكیان لە لایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دەردەچێت، كە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان نین، وەكوو هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ، ئەمانە ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤن، كە كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر سیاسەتی جیهانی و لەمیدیای جیهانیدا هەیە، ئەم دوو ڕێكخراوە لە ڕاپۆرتەكانیاندا زۆر بە پۆزەتیڤانە بەراوردی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عێراقدا دەكەن،

بەڵام تێبینییشیان لەسەر ڕەوشی هەرێمی كوردستان هەیە. لە كاتی مامەڵەكردنیش لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەدا، ئێمە لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیانەدا ڕێك كەوتووین و داوامان لێ كردوون پێش ئەوەی ڕاپۆرتەكانی خۆتان بڵاو بكەنەوە، لەگەڵ ئێمەدا تاوتووی بكەن بۆ ئەوەی ئێمە وەڵامی خۆمان هەبێت، زۆربەی زۆری ئەو زانیاریانەی لەناو ئەو ڕاپۆرتانەدان سەرچاوەكەیان دیار نییە، ئەو سەرچاوانە جێگەی گومانن لای ئێمە، لەبەر ئەوە داوامان كردووە پێشتر ئەو ڕاپۆرتانە لەگەڵ ئێمەدا ئاڵوگۆڕ بكرێت بەر لەوەی بڵاو بكرێتەوە، بۆ ئەوەی وەڵامەكانی حكوومەتیش هاوپێچ بكرێت، چونكە حەز دەكەین شەفاف بین.

ڕاپۆرتێكی دیكەیش هەیە كە ساڵانە لە لایەن نووسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەردەچێت و زۆریش گرنگە، چونكە ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش دەڕوات. ئەم ڕاپۆرتە دیاری دەكات كە ئایا حكوومەتی عێراق و هەرێم تا چەند توانیویانە ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرن.

ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕێك كەوتووین كە 15 ڕۆژ پێش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتەكە، بگاتە دەستمان و ئێمەیش دەیخوێنینەوە و لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكانی هەرێمدا قسە دەكەین و لەسەر ئەوە وەڵام وەردەگرین كە لە ڕاپۆرتەكەدا لە بارەی هەرێم گوتراوە. ئێمە وەڵامەكانیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاپۆرتەكەدا بڵاو بكرێتەوە.

هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاپۆرتی تازەی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان دەردەچێت، ئێمە وەڵامەكانی خۆمان بە نەتەوە یەكگرتووەكان داوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكانی ساڵی 2011 لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێم بڵاو دەكرێتەوە.

* ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕۆڵی هەرێم لە بواری مافی مرۆڤدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- ئێمە بۆ پێشخستنی مافی مرۆڤ لە كوردستاندا، پابەندین بە پلانی هەرێمایەتییەوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕێك كەوتووە بۆ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكارمان بێت بۆ ئەو پلانە كە تا ساڵی 2014 بەردەوامیی دەبێت و لە پێناو پێشخستنی ڕەوشی مافی مرۆڤە.
* هەرێمی كوردستان ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ هەیە؟

- هەرێمی كوردستان ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەت بە خۆی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ هەیە و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی عێراقیشدا هەر تەقیمێك لەسەر وەزعی عێراق بكرێت، هیی هەرێمی كوردستان بە جیا دەكرێت، هەروەها هەڵسەنگاندنەكە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی عێراقدا دەبێت، بەڵام بەشی هەرێمی كوردستان لەم ڕاپۆرتە جیا دەكرێتەوە.

* ڕەوشی بەندیخانەكان بە تێڕوانینی ڕێكخراوانی بیانی چۆنە؟
- بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەست ئێمە گەییشتوون، حكوومەتی هەرێم هەنگاوی جیددیی ناوە، وەكوو دروستكردنی زیندانی گەورە و واڵاكردنی دەرگەی زیندانەكان بە ڕووی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ئەوەیش ناشارنەوە كە هێشتا لە هەندێك لە زیندانەكاندا قەرەباڵغی هەیە و باس لەوەیش دەكەن كە هەوڵەكان بۆ چارەكردن بەردەوامن.

* لە لایەن بەشێك لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە، باس لە بوونی بەندیخانەی نهێنی دەكرێت؟

- بە هەموو شێوەیەك ئەوە ڕەت دەكەینەوە. ئێمە زۆر بە ڕوونی قسەمان كردووە و داوامان لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكیەتیی ئەورووپا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە كە هەر كاتێك هەر زانیارییەكیان هەبێت كە زیندانێكی نهێنی لە كوردستاندا هەیە، دەتوانن ڕاستەوخۆ سەردانی ئەو شوێنە بكەن. هیچ زیندانێكی نهێنی و سیاسی ئێستا لە خاكی هەرێمی كوردستانی عێراقدا نییە.


** پڕۆفایل

- دكتۆر دیندار زێباری.- لە ساڵی 2001ـدا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە سویسرا.

- لە ساڵی 2004ـەوە تاوەكوو ساڵی 2011 ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بووە.

- لە ساڵی 2011ـەوە تاوەكوو ئێستا یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
Top