كورد له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیادا به‌شداره
كۆمیسیۆنی تایبه‌ت به نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری توركیا له په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته، له ئه‌ندامانی چوار حیزبی سه‌ره‌كی (پارتیی داد و گه‌شه‌پێدان، پارتیی ئاشتی و دیموكراسی، پارتیی كۆماریخوازی گه‌لی توركیا و پارتیی نه‌ته‌وه‌یی توركیا) پێك هاتووه و ئاماده‌كارییه‌كانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری ته‌واو كردووه؛ له ئه‌مڕۆیشه‌وه پرۆسه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێ ده‌ست پێده‌كات.
كاری نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی توركیا، تا كۆتاییی ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ی خرایه راپرسییه‌وه، جێی ده‌ستووری ئێستای توركیا ده‌گرێته‌وه كه له ساڵی 1982ـدا نووسراوه.
ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس ده‌ڵێت، كۆمیسیۆنه‌كه به سه‌رۆكایه‌تیی جه‌میل چیچه‌ك، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا، له پاییزی ساڵی رابردووه‌وه هه‌تا ئێستا پێشنیاری پسپۆڕان و هاووڵاتیانی له‌مباره‌یه‌وه كۆ كردووه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها ده‌ستووری زیاتر له 60 وڵات بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خوێندراوه‌ته‌وه.
سیاسه‌توانانی توركیا ده‌ڵێن توركیا له هه‌لومه‌رجی ئێستادا پێویستی به ده‌ستوورێكی نوێ هه‌یه و ده‌ستووری نوێ له ئاستی ده‌ستووری وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كیه‌تیی ئه‌ورووپادا ده‌نووسرێته‌وه.
به ره‌سمی ناسینی مافه‌كانی گه‌لی كورد له توركیا، له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی جێی ناكۆكیی به‌ره‌ی ناسیۆنالیستی توركیا و حیزبه سیاسییه كورد و میانڕۆه‌كانه. پارتیی نه‌ته‌وه‌یی توركیا ده‌ڵێت به ره‌سمی ناسینی مافی كورد له ناوچه‌كانی كوردستان، یه‌كپارچه‌ییی وڵاتی توركیا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
ده‌ستووری ئێستای توركیا، له ساڵی 1982 و له‌كاتێكدا نووسراوه كه ژه‌نه‌ڕاڵه‌كانی سوپا، رۆڵی كاریگه‌رییان هه‌بوو له ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی توركیادا.
