هه‌ولێر..دیندار زێباری و نێرده‌ی تایبه‌تی UN بۆ عیراق كۆده‌بنه‌وه
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د.دیندار زێباری چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی له‌گه‌ڵ مارتن كوپلهر تاووتوێكرد كه تایبه‌تن به رۆڵی یونامی له عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه بهوهشكرا كه یونامی ده‌توانێت رۆڵی به‌رچاوتری تیایدا هه‌بێت بۆ ناوبژیوانیكردنی كێشه سیاسییه‌كانی نێوان پێكهاته‌و پارته سیاسییه‌كانی عیراق و چاودێریكردنی ره‌وشی سیاسی ئه‌مڕۆی عیراق، هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكان كه بڕیاره له مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت و رۆڵی یونامی بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ده‌ستووری عیراق.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ردوولا تیشكیان خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی UN و هه‌رێم و په‌ره‌پێدانی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له رێگه‌ی به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولاو كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ئاژانسه‌كانی UN و زیادكردنی ستافی نێوده‌وڵه‌تییان له هه‌رێمی كوردستان.
له درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا باس له ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و ره‌شنووسی راپۆرتی مافه‌كانی مرۆڤ له عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرا كه له‌لایه‌ن یونامی ده‌رچووه‌و هه‌وڵه‌كانی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی بۆ پێشخستنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێم.
له كۆتاییشدا یاریده‌ده‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بۆ رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سوپاسی مارتن كوپلهری كرد كه به به‌رده‌وامی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بیروڕا جیاوازه‌كانی نێوان پارته سیاسییه‌كانی عیراق به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشی سیاسی و ئابووری و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیانی هه‌رێم بێت.
