موقتەدا سەدر گەیشتە هەولێر
سەدر لە رێگەی باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم و كۆسرەت رەسووڵی جێگری و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی حكوومەت و چەند وەزیر و بەرپرسێكی ترەوە پێشوازی لێ كرا.
پێشتر سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، بارزانی و سەدر تاوتوێی دوا پێشهاتەكانی عێراق دەكەن و چاوەڕوانیش دەكرێ دوای كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ببەستن و تیایدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بخرێتە ڕوو.
سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەدر بۆ هەولێر دوای هەوڵە سیاسییەكان دێ كە لە هەولێر چڕ دەبنەوە و لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەركردە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق كۆ بووەوە، دوای ئەوەی ئەیاد عەلاوی كە ماوەی حەوتوویەك بوو لە هەولێر مابووەوە، دوێنێ گەڕایەوە بەغدا.
جموجووڵە سیاسییەكانی ئەم دوایییە دوای ئاڵۆزبوونی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەلایەك و تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان لیستی عێراقییە و دەوڵەتی یاسا لەلایەكی تر دێ كە لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵ 2012ی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمدا راگەیەنرا.
ئێستە لەكارلادانی مالیكی كە بارزانی رووی پەیامەكەی تێكردبوو وەك یەكێك لە شیمانەكانی سیاسەتی داهاتووی چەند لایەنێكی عێراقی باسی لێوە دەكرێ، هەرچەند هیچ لایەنێك بە ڕەسمی لەو بارەیەوە چالاكی خۆی دەست پێ نەكردووە.
