سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن

سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا مانگرتن رادەگەیەنن.


سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان بەپێی ئەو یادداشتەی کە ئاراستەی هەریەک لە سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران، و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرجەم کارمەندانی تەندروستییان کردووە و وێنەیەکی دەست پەیامنێر کەوتووە، تا رۆژی ١٢ی ئایار، مۆڵەتیان داوە بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان و هەڕەشەیان کردووە دوای ئەو مۆڵەتە، مانگرتنی گشتی رادەگەیەنن.

گوتەبێژی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان، هادی فەریق، گوتی کە ئەوان لە ساڵی 2000 هەتا ئێستا، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکارییان بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

گوتیشی \"یەکێک لە هەرە دیارترین داواکاریمان، هاوتاکردنی دەرماڵەی مەترسییە. چونکە ئەوەی لە نەخۆشخانە کار دەکات، لە بەردەستەوە تا پزیشک هەموو وەک یەک ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە بۆیە نابێت جیاکاری هەبێت و پزیشک بە ڕێژەی 100% دەرماڵەی مەترسی هەبێت و کارمەندی تەندروستیش 50% بێت. بۆیە ئەم بەیاننامەیەمان ئاراستەی هەموو لایەک کردووە کە ئیتر پێویستە بە جددی ئاوڕ لە داخوازیەکانمان بدرێتەوە.\""

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا نووسراوە \""ئێمە وەک دەستەی باڵای متمانە پێدراوی کۆنگرە جەخت لەسەر هەموو ئەو بەڵێنانە دەکەینەوە کە بە کارمەندانی تەندروستییمان داوە. بەهیواین ئەم کابینە نوێیە، ئەو بێ ئومێدییەی کە لای کارمەندان دروست بووە بڕەوێنێتەوە و کاری جددی بکات بۆ بەرجەستە کردنی مافە ڕەواکانمان، تا ساڵڕۆژی پەرستاران کە هاوکاتە لە گەڵ 12/5 بکەینە مژدانە بۆ کارمەندانی تەندروستی و خوێندنەوەیەکی نوێی دڵسۆزانەی کابینە بەڕێزەکەتان وە لە ئەگەری دووبارە پەراوێز خستن و گوێ نەدان بە داواکارییەکانمان ناچارین شێوازەکانی خەباتی سەندیکا بگرینە بەر و لە جیاتی یادکردنەوە، 12/5 بکەینە مانگرتنی سەرتاسەری لە ناوەندەکانی تەندروستی.\""

یادداشتەکەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان، داواکارییەکانی لە ٩ خاڵدا باس کردووە کە بریتین لە:



1. هاوتا کردنی دەرماڵەی مەترسی لە سەرجەم نەخۆشخانەکاندا .

2. جێبەجێکردنی بریاری ئەنجوومەنی وەزیران بە کردنەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری کارمەندانی تەندروستی.

3. خستنە بواری جێبەجێکردنی کردنەوەی کۆلێژی پەرستاران لە ئێواراندا.

4. پەسەندکردنی بودجەی خەمڵێندراوی پرۆژەی خولی ڕاهینانی کارمەندانی تەندروستی لە وڵاتی تورکیا.

5. خستنە بواری جێبەجێکردنی مامەڵەی دابینکردنی زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبوون .

6. دانانی جێگری بەڕێوبەرە گشتییەکان لە کارمەندانی تەندروستی.

7. زیادکردنی بڕی رێژەی هاندان لەو شوێنانەی ئیشکگری تێدایە .

8. خستنە بواری جێبەجێکردنی ئەو بەشە تەندروستیانەی لە کۆلێژی تەکنیکی سلێمانی و هەولێر دەرچووە.

9. دروستکردنی یانە و بارەگای سەندیکا .



لە ئێستادا سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان، خاوەنی 22 هەزار ئەندامە و لە 12/1/2012 دووەم کۆنگرەی خۆی لە هەولێر سازدا."
Top