بەیاننامەی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 114ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 114ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی
سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان به‌ بۆنه‌ی 114یه‌مین ساڵرۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی، به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

ئەمڕۆ (114) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی نۆبەرە (كوردستان) كە لە 22/4/1898، لە ئاوارەییدا جووتە برا (میقداد بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان) لە چاپخانەی (دار الهلال) لە قاهیرە بە یارمەتی نووسەری ناوداری عەرەب (جۆرجی زێدان) هاتە چاپكردن و بووە سەرقافڵەی رۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستاندا، بۆتە ئەو وزەیەی كە گەلی كوردستان لە سەرتاسەری كوردستان و جیهاندا خەباتی نیشتمانی و دیموكراتی خۆی پێ تاو دەدات.


رۆژنامەنووسانی بوێر..

ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی ئەم یادە، كۆششی رۆژنامەنووسان لە پەرەپێدانی بواری رۆژنامەگەریی لە هەموو پارچەكانی كوردستان و كوردستانیانی جیهان بەرز دەنرخێنێت، كە هەمیشە پیشەی رۆژنامەگەرییان كردۆتە سەنگەرێك بۆ بەرگری لە زمان و كولتوور و مێژوو و خەباتی نەتەوەیی.

هەر لەم بۆنەیەدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا دەكات هەموو لایەك پابەند بن بە یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە (35)ی ساڵی 2007 لە هەرێمی كوردستان وەك دەستكەوتێك بۆ رۆژنامەنووسان و روویەكی گەشی ئەزموونی دیموكراسی و یاسا سەروەری لە كوردستان و فەراهەمكردنی زەمینەیەكی ئازاد و لەبار بۆ كاری میدیایی، هەروەك داواكارین حكومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و هێزەكانی تەناهی ببنە بەشێك لە ڕەخساندنی ئەو زەمینەیە و هەروەك چۆن لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە بەرامبەر هەر پێشێلكارییەك كە دەرهەق بە رۆژنامەنووسان دەكرێت، وەڵامی گونجاوی دەبێت، ئاواش بە رەوای دەبینین لایەنە پەیوەندیدارەكان وەڵام و بەدواداچوونی گونجاویان هەبێت.



رۆژنامەنووسان.. میدیاكارانی بەڕێز

لەم یادەدا ئەنجومەنی سەندیكا بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان بە بێ جیاوازی و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رۆژنامەنووسانی جیهانی پێشكەوتووی دیموكراسیدا كار بۆ داهێنانی گرێبەستی كاری رۆژنامەنووسی (العقد العمل الصحفي) دەكات، هەروەكو لە یاسای ژمارە (35)دا، هاتووە كە مافی رۆژنامەنووسان بەو كەناڵانەی كاری تێدا دەكەن، پارێزراو دەبێت و سەندیكاش باشتر دەتوانێت داكۆكییان لێ بكات.

ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەشدار بووە لە گەڵاڵەكردن و گفتوگۆی چەند پڕۆژەیەكى پەیوەست بە ئازادییەكانی رۆژنامەنووسی و مافەكانی بەدەستهێنانی زانیاری و گواستنەوەی هەواڵ و مافی خاوەندارێتی هزری كە بە یارمەتی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامی داوە و لە ئاییندەشدا كار بۆ چەندین پڕۆژەی جیاجیا دەكات بۆ خزمەتی رۆژنامەنووسانی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگاكانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكان و دام و دەزگا نێودەوڵەتییە تایبەتەكان.



رۆژنامەنووسان. ڕاگەیاندنكاران

سەندیكا لە خەمی ئەندامانیدایە كە ژیان و گوزەرانیان باشتر بكرێت و سوودمەند بن لە پڕۆژەكانی نیشتەجێ كردن و دروستكردنی ماڵێك بۆ سەندیكای رۆژنامەنووسان و كۆمەڵگای نیشتەجێكردنی رۆژنامەنووسان وەك توێژێك كە ئەركی زۆری ئەزموونەكەمانیان لە ئەستۆدایە و كارێكی گرنگی نیشتمانی ئەنجام دەدەن، هەروەها داوا دەكات هەلی خوێندن لە بەشەكانی راگەیاندن و بەرنامەی تواناسازیی و فێربوونی زمانەكانی بیانی بە رۆژنامەنووسان بدرێت و ساڵەكانی راژەی رۆژنامەگەرییان بۆ هەژمار بكرێت لەو بوارانەدا.



رۆژنامەنووسانی ئازیز

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان جەخت دەكاتەوە لەسەر خزمەتكردنی رۆژنامەنووسانی ناوچە دابڕێنراوەكان و سوودمەندبوونیان لەو ماف و ئیمتیازاتانەی بە رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان دەدرێت، هەروەك بە ئەركی پیشەیی خۆی دەزانێت كە داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق بكات.

لەم یادەدا جارێكی دیكە سوورین لەسەر داكۆكی لە تەواوی رۆژنامەنووسانی هەر چوار پارچەی كوردستان و هەر لەو پێناوەشدا بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەوڵەكانمان بۆ دروستكردنی فیدراسیۆنێكی سەرتاسەریی رۆژنامەنووسانی كوردستان بە ئەنجام دەگات.

پیرۆز بێت یادی 114 ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردی. سڵاو بۆ گیانی پاكی رۆژنامەنووسانی شەهید و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی كە ڕۆژانێك خزمەتیان بە كاروانی رۆژنامەنووسی كردووە و ماڵئاواییان لێكردووین، هیوای ئازادی بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەش دەخوازین كە لە باكوور و بەشەكانی دیكەی كوردستان لە زیندانەكاندان یان لە ژێر هەڕەشەی گرتن و راوەدووناندان.



ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

22ی نیسانی 2012 - 2ی گوڵانی 2712ی كوردی
Top