(سەرۆك بارزانی): \'\'چەك چارەسەری كێشەی كورد ناكات و دەبێ بیر لە ڕێگهی كاریگەرتر بكرێتەوە\'\'
میدیای توركییاش بە گرنگییەوە باسی سەردانەكەی (سهرۆك بارزانی)ـی و دەرئەنجامەكەی لە دەركەوتنی كاریگەری بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كرد.
كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یەكەمین ڕۆژی سەردانەكەیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) كۆ بووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا (هاكان فیدان) و جێگری سەرۆكوەزیران (بەشیر ئەتاڵای) و جێگری وەزیری دەرەوە (فەرەیدون سینیرلیۆگلو) ئامادە بوون.
كۆبوونەوەكە داخراو بوو، بەڵام ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵ)ـی توركی بڵاوی كردەوە كه لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە پرسی سیاسی عێراق و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیادا كراون.
كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆككۆمار و
وەزیری دەرەوە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دووەمین ڕۆژی سەردانەكەیدا لەگەڵ سەرۆككۆماری وڵات (عەبدوڵا گیول) و وەزیری دەرەوە (ئەحمەد داودئۆغلو) كۆ بووەوە.
(سەرۆك بارزانی) و (عەبدوڵا گیول) لە كۆبوونەوەكەدا دەربارەی تەنگژەی سووریا و ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەكە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد. لە تەوەرێكی دیكەی دیداری نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری توركیادا جەخت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەردوو وڵات كرایەوە بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی گەلانی هەردوو وڵاتدا بێت.
ئاژانسەكانی هەواڵیش بڵاویان كردەوە كه (بارزانی) و (داودئۆغلو) لە میانەی كۆبوونەوەكەیاندا تیشكیان خستووەتە سەر كێشەی كورد لە توركیادا و پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا. ههروهها ئهوهیشان ئاشكرا كرد كه سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی توركیا پێكەوە دەربارەی سیاسەتی ناوخۆی عێراق و تەنگژەی سوریاش قسەیان كردووە.
دیالۆگ چارەسەرە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربارەی چارەسەری كێشەی كورد لە توركیادا ڕایگەیاند “حكوومەتی توركیا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر باشی هەڵگرتووە و پێویستە ئەم كارانەیش پەرەیان پێ بدرێت.”
سەرۆك (بارزانی) ئەو هەواڵانەیشی بە ناڕاست باس كرد كە ئاماژە بەوە دەكەن ناوبراو داوای لە پەكەكە كردبێت چەك دابنێت، بەڵام ڕوونیشی كردەوە چەك چارەسەری كێشەی كورد ناكات و دەكرێت سود لە ڕێگهیەكی كاریگەرتر وەربگیرێت.
هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕەتیشی كردەوە كه ئامادەیی ئهوهی نیشان دابێت كه ڕۆڵی نێوەندێك بگێڕێت لە نێوان توركیا و بەرپرسانی پەكەكە لە قەندیل. دەربارەی چارەنووسی كەركوكیش، سەرۆك (بارزانی) ڕایگەیاند “خەڵكی كەركوك خۆی بڕیار لە سەر ئایندە و چارەنووسی خۆیان دەدەن.”
كۆبوونەوە لەگەڵ (هاشمی)
سەرۆك (بارزانی) لە سەردانەكەیدا لەگەڵ جێگری سەرۆككۆماری عێراق (تارق هاشمی)ـش كۆ بووەوە. پاش كۆبوونەوەكەیش،(هاشمی) ڕایگەیاند لە میانەی دیدارەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لە ڕووداو و پێشهاتەكانی ناو عێراق، كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی كەنداو، سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی توركیادا كردووە.
كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەدەپە
سەرۆكی كوردستان لە سەردانەكەیدا لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆكی بەدەپە (سەلاحەدین دیمیرتاش) و (گوڵتان كیشاناك) و ئەندام پەرلەمانی توركیا (ئەحمەد تورك) كۆ بووەوە.
-سايتی هەلێر
