عەرەب و بەرەى تورکمانى جەخت دەکەنەوە کە نابێت کەرکووک لە عێراق داببڕێت

عەرەب و بەرەى تورکمانى جەخت دەکەنەوە کە نابێت کەرکووک لە عێراق داببڕێت
ئەنجوومەنى سیاسیى عەرەبى و بەرەى تورکمانى، جەخت لە بەیەکگرتوویی هێشتنەوەی کەرکووک و خاکى عێراق دەکەن و رێگا نادەن کەرکووک لە عێراق داببرێنرێت.


لە بەیاننامەیەکدا کەلەلایەن ئەنجوومەنى سیاسیى عەرەبى بڵاو کرایەوە، کۆپیێکی دەست ئاژانسى پەیامنێر کەوتووە، وەفدیکى ئەنجوومەنى سیاسى عەرەبى، سەردانى بەرەى تورکمانییان کردووە و لەگەڵ ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى بەرەى تورکمانى کۆ بوونەتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە و دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەش، دواى ئەوە دێت کە رێکەوتنێک لەنێوان کورد و بەرەى تورکمانىدا ئەنجام درا و پۆستە ئیدارییەکان لە نێوان کورد و بەرەى تورکمانىدا دابەش کرا، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە بەرەى تورکمانى درا، بە هۆیەوە ئاڵۆزى لە نێوان تورکمان و عەرەب دروست بوو، بەڵام ئیستا بەرەى تورکمانى هاوپەیمانێتى لەگەڵ ئەنجوومەنى سیاسیى عەرەبى نوێ کردەوە.


هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنى سیاسیى عەرەبى ئاشکراى دەکات کە ئەوان هاوپەیمانییان لەگەڵ یەکدا نوێ کردووەتەوە بۆ ئەوەى پێکەوە خزمەت بەشارى کەرکووک بکەن.


هەروەها تێیدا هاتووە، ئەنجوومەنى سیاسیى عەرەبى و بەرەى تورکمانى رێککەوتن لەسەر مانەوەى کەرکووک و خاکى عێراق بە یەکگرتوویی و کەرکووک بە شارى برایەتیى نێوان کورد، عەرەب و تورکمان دەزانن و رێگا نادەن کەرکووک لە خاکى عیراق داببرێت.
Top