یەكەمین ساڵوەگەڕى كۆچی دوایی جەوهەر نامێق سالم بە رێوڕەسمێك لە شارى هەولێر بەڕێوە چوو
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسووڵ جێگرى سەرۆكى هەرێم و نێچیرڤان بارزانى سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ئەرسەلان بایز سەرۆكى پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمان و وەزیرەكانى حكوومەت هەرێم، رێوڕەسمى یەكەم ساڵوەگەڕى كۆچى دواییی جەوهەر نامێق بەڕێوە چوو.
كۆسرەت رەسووڵ عەلى جێگرى سەرۆكى هەرێمى كوردستان وتەیەكى پێشكێش كرد و گوتى \"جەوهەر نامێق رۆڵێكى كاریگەرى هەبووە لە شۆڕشەكانى كوردستان و جێ پەنجەى دیارە لە خەباتى رزگاریى گەلى كوردستان، دواى راپەڕینیش ئەركى بەرەى كوردستانى لە شارى كەركووك گرتە ئەستۆ، پاشان شەرەفى یەكەم سەرۆكى یەكەمى پەرلەمانى پێ بەخشرا\"".
زیاتر گوتى \""لە هەرێمى كوردستان پابەندى دەستوورى عێراقین بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى نێوان هەرێم و بەغدا و كاتێكیش كێشەكان چارەسەر نەكرێن، دەگەڕێینەوە بۆ لاى گەلى كوردستان و لەناو پەرلەمان بڕیار دەدەین\"".
دواتر ئەرسەلان بایز سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان لە وتەیەكیدا باسى لە ڕۆڵ و خەباتی جەوهەر نامێق ساڵم كرد وەك یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
دواتریش نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكى پێشكێش كرد و گوتى \""جەوهەر نامێق جگە لە كارى سیاسی و خەباتى بەردەوام، خەریكى خەباتى كارى راگەیاندن بوو وەكو چاپكردنى چەند رۆژنامە و سەرپەرشتیكردنى رادیۆى كوردستان، خوالێخۆشبوو بەردەوام بوو لە خەبات تا رۆژانى راپەرین و پێش راپەرینیش بەرپرسیاریەتیى بەرەى كوردستانى وەرگرت لە كەركووك و گەرمیان و بەشدارییەكى دیارى هەبوو لە ژیانى پەرلەمانى و یاسا دانانەوە، هەروەها رۆڵى كاریگەرى هەبوو لە پرۆسەى ئاشتى لە هەرێمى كوردستان و بەشدارى زۆربەى دانیشتنەكانى دەكرد\"".
زیاتر گوتى \""ژیان و خەباتى كەسانى وەك كاكە جەوهەر لە ژیانى كەسانى تر جیا ناكرێتەوە، ئەوانە نەوەك تەنیا سومبلى پارتین، بگرە جێگەى سەربەرزى كوردستانن، بگرە سەر بە هەر حزب و لایەنێك بێ، گەلى كوردستانیش رێز لە سەركردوە و سمبولەكانى دەگرێ و ئەوانەشى هەوڵ دەدەن خەباتى حزب و سەركردەكان بشێوێنن، دەبێ بزانن بەو كارەیان گەورەترین زیان لە خۆیان و كوردستان دەدەن\"".
جەوهەر نامێق سالم یەكەمین سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پێشووتری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە 16ى نیسان/ئەپریلى 2011 لە سوید كۆچی دوایی كرد.
"
