هەرێم، کەمپێک بۆ ئاوارەکانی سووریا دەکاتەوە

هەرێم، کەمپێک بۆ ئاوارەکانی سووریا دەکاتەوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێم ئامارى ئاوارەکانی سووریا لە ناو هەرێم راگەیەیاند و دەڵێت بە نیازین بە هاوکاریى لایەنە پەیوەندارەکان کەمپێکیان بۆ بکەینەوە.
بەڕێوەبەرى گشتیى کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێم، شاکر یاسین، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند، بە هۆى ئەو بارودۆخەى کە لە سووریا هەیە، تا ئێستا چەندان هاووڵاتى و خێزانى سووریایی روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە. لە سنوورى پارێزگاى دهۆک هەزار ئاوارە تۆمار کراون کە 60ـیان بە خێزانەوەن، ئەمە بێجگە لەوانەى کە لەسەر سنوورەکانن یان لە گوندەکانى سەر سنوورى هەرێم لە ماڵە ناسیاوەکانیان ماونەتەوە.

شاکر یاسین، گوتی \"بەنیازین بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتیى کۆچ و کۆچبەران و پارێزگارى دهۆک و لایەنە پەیوەندارەکانى تر کەمپێک بۆ لەخۆگرتنى ئەو ئاوارانە لە پارێزگاى دهۆک بکەینەوە و لە رێگەى کۆمسیارى پەنابەران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پێویستى و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکەین.\""

بەڕێوەبەرى گشتیى کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی دا کە بە هۆى بارودۆخى نائەمنیى عێراقەوە تا ئێستا 40 هەزار خێزان لە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقەوە هاتوونەتە ناوچە جیاجیاکانى هەرێم و لێی نیشتەجێبوون."
Top