ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم مەشخەڵی نەورۆز هەڵدەكا و پەیامێكیش پێشكێش دەكا
فەیسەڵ دەباغ سكرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار وایە سەعات 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەشخەڵی ئاگری جەژنی نەتەوەییی كورد \"نەورۆز\"" لە رێوڕەسمێكی فراواندا لە پاركی شانەدەری شاری هەولێر دابگیرسێنێ.
روونی كردەوە \""لە هەمان بۆنەدا بارزانی گوتارێك پێشكێش دەكا و تێیدا پیرۆزباییی جەژنی نەورۆز لە گەلی كوردستان دەكا\"".
ئەوەشی ئاشكرا كرد، بڕیار وایە سەعات 8ی ئێوارەی ئەمڕۆ بارزانی گوتارێك پێشكێش بە گەلی كوردستان بكا كە تێیدا باس لە دۆخی ئێستەی عێراق و كوردستان و ناوچەكە و دنیا دەكا.
لەبارەی ئەوەی تا چەند لە گوتارەكەیدا بارزانی باس لە پرسی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی دەكا، دەباغ گوتی، شتی وا نییە، بەڵام لە بەشێك لە گوتارەكەیدا ئاماژە بەو پرسە دەكا.
هەمزە حامید بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگەی هەولێر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، لەگەڵ داگیرساندنی مەشخەڵی ئاگری جەژنی نەورۆز لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە فێستیڤاڵی شەشەمی هەولێر كۆتایی پێ دێ.
زیاتر گوتی، فێستڤاڵەكە كە ماوەی 10 رۆژی خایەندووە بە سەركەوتووی ئەنجام دراوە و دەیان تیپی جۆراوجۆری وەرزشی و هونەری و رۆشنبیری و سترانبێژانی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و چەند ناوچەكی تر بەشدارییان تیایدا كرد."
