شیوعی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و سۆسیالیست كارەبایان پێ دەدرێ و زەحمەتكێشان و بزووتنەوەی ئیسلامیش چاوەڕوان دەبن
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی 7ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر رای گەیاندبوو، تا ئێستە بە شێوەیەكی رەسمی هەریەك لە حزبی شیوعی و سۆسیالیست دیموكرات و زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم دەكەن، هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش بەشدار نابن و وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە.
زیرەك كەمال، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی شیوعی كوردستان ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، حزبی شیوعیی كوردستان بە شێوەیەكی رەسمی بڕیاری داوە بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم بكا.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، هەروەك كابینەی 6 پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانمان پێ دەدرێ و كاوا مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وەزیری ئێستەی رۆشنبیری و لاوان پاڵاوكی ئێمەیە بۆ هەمان پۆست.
بەڵام ئەحمەد ئەنوەر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، رۆژی 18ی ئەم مانگە جارێكی تر هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و عیماد ئەحمەد وەك سەرۆك و جێگری سەرۆكی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی 7ی حكوومەتی هەرێم سەردانی ئێمەیان كردووە.
زیاتر گوتی، بەڵام لەم كۆبوونەوەیەدا باسی پرسی بەشداریكردن یان نەكردنمان لە حكوومەتی هەرێم نەكراوە، بۆیە ئێمە لە ئێستەدا چاوەڕوانی ئەوەین لە دوای جەژنی نەورۆزەوە جارێكی تر سەردانمان بكەنەوە.
هەر پێوەست بە بەشداریكردنیان لە حكوومەتی هەرێم، عەبدوڵا مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی گوت، ئێمە بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەت دەكەین، لە كابینەی 6 پۆستی وەزیری وەزارەتی كارەبامان پێ دراوە و تاڕادەیەك وەزیرەكەمان لە پۆستەكەی سەركەوتوو بووە، ئێمە داوای هەمان وەزارەتمان كردووەتەوە و سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی راسپێردراویش لارییان لەسەر ئەم داواكارییەمان نەبووە.
ئاماژەی بەوە دا، یاسین شێخ ئەبوبەكر وەزیری ئێستەی كارەبا پاڵاوكی ئێمە دەبێ بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی.
لای خۆیەوە، شوان قەڵادزێی گۆتیاری بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئێستە بەشێوەیەكی رەسمی داوا لە ئێمە نەكراوە بەشداری لە كابینەی 7 بكەین، ئەگەر ئەو داواییەمان لێ كرا ئەوكات بڕیاری پێویست دەدەین.
پێشتر سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازیی توركمان و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەنجوومەنی گەلی كلدانی و سریانی و ئاشووری رایان گەیاندبوو، ئەوان لە كابینەی 7 هەر یەكەیان پۆستێكی وەزارەتییان پێ دەدرێ بێ ئەوەی ناوی وەزارەتەكە ئاشكرا بكەن.
