سبەى كوردانى سووریا بەخۆپێشاندانی \"رۆژی ئازادیی كورد\"" یادى نەورۆز دەكەنەوە"
شەلال گەدۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی چەپی كورد لە سووریا ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ی راگەیاند، سبەی 21ی ئادار وەك ساڵانی پێشوو، نەتەوەی كورد لە سووریا ئاهەنگی جەژنی نەورۆز ساز ناكا، چونكە ئێستە گەلی كورد و گەلانی سووریا لە دژی رێژیمی ئێستەی سووریا لە شۆڕشدان.
روونی كردەوە، بەڵام ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا كە نوێنەرایەتیی نەتەوەی كورد دەكا بڕیاری داوە سبەی لە یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆز لە سەرتانسەری شار و شارۆكە و شارەدێ و ناوچە كوردنشینەكانی سووریا لە دژی رێژیمی سووریا خۆپێشاندانێكی گەورە و فراوانی سەرانسەری بێتە ئەنجامدان.
ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیی و كەسایەتی سەربەخۆ وسیاسیی كورد بەشداری لە خۆپێشاندانی سبەی دەكەن كە بە ناوی خۆپێشاندانی \""رۆژی ئازادی كورد\"" دێتە ئەنجامدان.
لای خۆیەوە عەلی شندین ئەندامی كۆمیتەی كوردستانی باشووری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""خۆپێشاندانی سبەی یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆز خۆپێشاندانێكی سەرانسەرییە و تێیدا نەتەوەی كورد لە سووریا داوا لە رێژیمی ئێستە دەكا سەركووتكردنی شۆڕشگێران رابگیرێ و دانیش بە مافەكانی میللەتی كورد لە سووریا بنێ.
\""بۆ پشتیوانیكردن لە گەلی كورد لە سووریا، هاوكات لە دەرەوەی سووریاش لەگەڵ گێڕانی ئاهەنگ بۆ بۆنەی جەژنی نەورۆز دەیان چالاكی جۆرەوجۆر بۆ پشتیوانیی میللەتی كورد لە سووریا دێتە ئەنجامدان\"" شندین گوتی.
لەلایەكی تریشەوە، سەرچاوەیەك لە دەستەى هاوئاهەنگى شۆڕِشوانانى سووریا راى گەیاند، تا ئێستە لە خۆپێشاندانەكانى ئەمڕۆى سووریادا 17 كەس هاتوونەتە كوشتن.
ماوەى زیاتر لە ساڵێكە ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە دژی دەسەڵاتى بەشار ئەسەد ئەو وڵاتەى گرتووەتەوە و بەپێی ئامارى وارگەى شەهیدانى شۆڕشی سووریا تا 16ى ئەم مانگە 11 هەزار و 147 كەس لە سەرانسەری وڵات هاتوونەتە كوشتن و ناوى هەموو ئەو كوشتیانەشی تۆمار كردووە. "
