مەسرور بارزانی: هیوادارم نەورۆز سەرەتای چەکەرەکردنی بەهاری ئاواتەکانی کورد بێت

مەسرور بارزانی: هیوادارم نەورۆز سەرەتای چەکەرەکردنی بەهاری ئاواتەکانی کورد بێت
بەڕێز مەسرور بارزانی لەپەیامێكدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك پیرۆزبایی نەورۆز لە گەلی كورد دەكات و هیوای خواست سەرەتای چەکەرەکردنی بەهاری ئاواتەکەمان، بەهاری کوردستانی بێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیەتی:


بە بۆنەی نەورۆز و سەرسالی کوردیەوە،
گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاونیشتمانیانمان و هەموو ئەو گەلانە دەکەم کە ئەم بۆنەیەیان لا پیرۆزە، هەروەها پیرۆزبایی تایبەتم ئاراستەی خانەوادەی بەرێزی شەهیدان دەکەم و سەری رێزیان بۆ دادەنوێنم. هیوادارم ئەم نوێبوونەوەی سروشتی دڵرفێنی کوردستان، سەرەتای چەکەرەکردنی بەهاری ئاواتەکەمان، بەهاری کوردستانی بێت و گەلەکەمان بە شێوازی ئاشتیانە و سەردەمانە گشت مافەکانی دەستەبەر ببێت و گەلانی ناوچەکەش بە گیانی لەخۆبردوویی و یەکترقبولکردنەوە بە یەکسانی لە تەک یەک بژین و بەرەو داهاتوویەکی گەش بۆ تێکرای دەڤەرەکە هەنگاو بنێن.
لەم بۆنە نەتەوەییەدا وەک تاکێکی کورد جەخت لە سەر بەهێزکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی گەل ونیشتمان دەکەمەوە، هەر ئەم هەستەش بنەمایە بۆ تەبایی و یەکریزیمان و هاندەرمانە کە دڵسۆزانە بۆ گەل ونیشتمان تێبکۆشین وبەرژەوەنییە تەسکە کەسییەکان وەلا بنێین. ئەم هەستەیە کە دەبێتە هەوێنی کاری پاک و سێبەری ناپاکی و گەندەڵی وەلاوە دەنێت.
هەر لەم بۆنەیەدا کە هاولاتیانمان ڕوو لە ناو سروشتی جوانی کوردستان دەکەن ، هیوام وایە کە ئەم خۆشەویستییە بۆ نیشتمان، هاندەرمان بێت بۆ پاک وخاوێن راگرتنی ژینگەی کوردستان و زیان نەگەیاندن بەم سامانە نیشتمانیە.
هیوای رۆژانێکی پڕ لە خۆشییتان بۆ دەخوازم لەم جەژنەدا ، لەگەل رێز وخۆشەوستیم.
Top