لە كابینەی حەوتەمدا مەسیحی و توركمانەكان هەریەكە و وەزیرێكیان دەبێ
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و عیماد ئەحمەد ڕاسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێم سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەوەی بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكوومەتدا بكەن. ئەمڕۆش هەریەك لە حزبە توركمانی و مەسیحییەكانی هەرێم لەگەڵ عیماد ئەحمەد ڕاسپێراو بۆ جێگری سەرۆكی حكوومەت كۆ بوونەوە.
لەبارەی كۆبوونەوەكە ئەمیر گۆگە لە ئەنجوومەنی گەلی كلدانی ئاشووری سریانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، كاتێك نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی حەوتەم هاتە ڕاسپاردن، ئێمە وەك مەسیحییەكانی هەرێم داواكاریی خۆمان پێشكێش بەو كرد كە مەسیحییەكان پێویستە لە وەزیرێك زیاتریان هەبێ جگە لە بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی ڕای ئێمە وەك كلدانی و سریانی و ئاشووری و حزبە مەسیحییەكان لەگەڵ عیماد ئەحمەد كۆ بووینەوە، پێی ڕاگەیاندین لەبەرئەوەی ژمارەی وەزارەتەكان وەك خۆی دەمێنێتەوە و زیاد ناكرێ، بۆیە تەنیا یەك وەزارەت بە ئێمە دەدرێ وەك ئەوەی ئێستە هەمانە.
ڕوونی كردەوە، لە بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیش ئێمە وەك پێكهاتەكانی مەسیحی و و ئاشووری و كلدانییەكان بەشمان دەبێ.
لای خۆیەوە عەبدولقادر بازرگان سكرتێری بزووتنەوەی چاكسازیی توركمانی بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، وەزارەت بۆ ئێمە وەك پێشتر بە یەك وەزارەت دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ كاك عیماد ئەو بڕیارەی پێمان ڕاگەیاند.
زیاتر گوتی دوای پێكهێنانی كابینەی حەوتەم بەشی حزبە توركمانییەكان لە بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دیاری دەكرێ.
