سبەى نێچیرڤان بارزانى سەردانى یەكگرتووى ئیسلامى دەكات

سبەى نێچیرڤان بارزانى سەردانى یەكگرتووى ئیسلامى دەكات
ئەمڕۆ هەینى سەرچاوەیەك لە یەكگرتووى ئیسلامیی كوردستان راى گەیاند، بڕیارە سبەى شەموو نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینەى نوێى حكوومەتى هەرێم سەردانى مەكتەبى سیاسیی یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان لە شارى هەولێر بكا.

سەڵاحەدین بابەكر گۆتیارى مەكتەبى سیاسیی یەكگرتووى ئیسلامی بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"بڕیارە سبەى نێچیرڤان بارزانى بە یاوەرى عیماد ئەحمەدى جێگرى سەردانى مەكتەبى سیاسیی یەكگرتووى ئیسلامى بكەن\"".

بابەكر لەبارەى بەشداریكردنى یەكگرتووى ئیسلامى لە كابینەى نوێى حكوومەتى هەرێم راى گەیاند \""پێشتر وەك هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن بەشداریكردن لە كابینەى نوێمان بەپاش دایەوە و ئێستە چاوەڕوانى سەردانەكەى نێچیرڤان بارزانى و عیماد ئەحمەدین بۆ ئەوەى بزانین چ شتێكى نوێیان پێیە\"".

پێشتریش نێچیرڤان بارزانى پێش ئەوەى وەك سەرۆكى نوێ بۆ پێكهێنانى كابینەكە لەلایەن مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستانەوە رابسپێردرێ، سەردانى مەكتەبى سیاسیی یەكگرتووى ئیسلامى لە هەولێر كردبوو.

نێچیرڤان بارزانى و عیماد ئەحمەد چوارشەمى رابردوو بە مەبەستى خستنە بەردەمى پێشنیازى بەشداریكردن لە حكوومەتى نوێى هەرێمى كوردستان، سەردانى مەكۆى بزووتنەوەى گۆڕانییان كرد لە شارى سلێمانى و لەگەڵ نەوشێروان مستەفا رێكخەرى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان كۆبووەوە، بەڵام دواتر گۆڕان بەشدارى لە حكوومەتى بەپاش دایەوە و راى گەیاند وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە."
Top