ده‌زگاى باڵاى ئه‌یلول به‌یاننامه‌یه‌كى له‌ یادى رێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئادار بڵاوكرده‌وه‌

ده‌زگاى باڵاى ئه‌یلول به‌یاننامه‌یه‌كى له‌ یادى رێككه‌وتننامه‌ى 11ى ئادار بڵاوكرده‌وه‌
به‌ بۆنه‌ى یادى 42 ساڵه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى مێژوویى 11ى ئادارى ساڵى 1970 و 21 ساڵه‌ى ئازاد كردنى هه‌ولێرى پایته‌خت ده‌زگاى ئه‌یلول له‌ دووتوێى به‌یاننامه‌یه‌كدا پیرۆزبایى ئاراسته‌ى خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى و هه‌ولێرى پایته‌خت كردووه‌ ئه‌م ده‌قه‌كه‌یه‌تى : 42 ساڵ به‌رله‌ئه‌مرۆ بۆیه‌كه‌م جار دان نرا به‌بوونى نه‌ته‌وه‌ى كورد و مافى پێكه‌وه‌ ژیانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ نه‌توه‌كانى تردا له‌عێراق ، ئه‌ویش له‌ئاكامى شۆرشێكى چه‌ندین ساڵه‌ى سه‌رجه‌م چین و توێژ وكۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ژێر چه‌ترى یه‌ك پارت و له‌بازنه‌ى شۆرشى مه‌زنى ئه‌یلولدا ، بێگومان تا ئه‌وكات گه‌وره‌ترین و به‌نرخترین ده‌سكه‌وتى مێژوویى بزاڤى رزگاریخوازى گه‌لى كورد بوو كه‌به‌ خوێنى هه‌زاران شه‌هید و خاپور كردنى وڵاته‌كه‌مان له‌لایه‌ن داگیركه‌ران ، به‌ده‌ستهێنرا ،

هاوكات 21 ساڵ به‌ر له‌ئه‌مرۆ له‌ڕاپه‌ڕینێكى مه‌زنى مێژوویى دا له‌ 11ى ئادارى 1991 هه‌ولێرى پایته‌خت له‌ده‌ستى داگیركه‌ران رزگارى بوو كه‌ له‌ئاكامى یه‌كریزى خه‌ڵكى كوردستان و پاڵپشتى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان هاته‌ده‌ستمان ، دامه‌زراوه‌ شه‌رعى و یاساییه‌كانى ئه‌مرۆى هه‌رێم به‌رى ره‌نج و خه‌باتى ساڵه‌هاى ساڵى سه‌رجه‌م گه‌لى كوردستانه‌ و په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمیش دوو گوڵى سورى به‌خوێن ئاو دراون كه‌ ئه‌ركى هه‌موو تاكێكى ئه‌م كوردستانه‌یه‌ وه‌كو بیلبیله‌ى چاومان بیپارێزین ، بێگومان له‌ئاكامى كه‌مى ته‌جروبه‌ى ده‌وڵه‌تدارى و ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ى كه‌ دوژمنانى گه‌له‌كه‌ماندروستیان كردووه‌ دیاره‌ شتێكى ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كه‌موكوڕى تێدا به‌دى بكرێت ، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ بپارێزرێت و ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و یه‌كریزى و ته‌بایى خه‌ڵكى كوردستان بپارێزرێت و مافى هه‌موو تاكێكیشه‌ به‌ پێى یاسا ده‌سته‌ به‌ربێت ، هه‌ربه‌م بۆنه‌وه‌ پیرۆزبایى خۆمان ئاراسته‌ى به‌رێزتان و سه‌رجه‌م خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌ین و رێز بۆ ئیراده‌ى رزگاریخوازى گه‌له‌كه‌مان داده‌نێین ، با یاده‌كانى ئادار بكه‌ین به‌سه‌ره‌تاى رێگاى ئاسوده‌یه‌كى رون به‌م نزیكانه‌ ئینشاڵا كه‌ ئه‌ویش ته‌نها به‌ پاراستنى هێمنى و یه‌ك هه‌ڵوێستى و یه‌كریزیمان به‌ده‌ست دێت .
Top