فەرمانگەیەك بۆ پاراستنی دۆكیۆمێنتی مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتی دادەمەزرێت

فەرمانگەیەك بۆ پاراستنی دۆكیۆمێنتی مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتی دادەمەزرێت
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژه‌ی دا كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایین لەسەر پڕۆژەیاسای پێكهێنانی دۆكیۆمێنتپارێزی هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان ،ئاسۆ كەریم، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند کە ئەو پڕۆژەیاسایە لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا لەلایەن پەرلەمانتار تاریق جامبازـەوە، ئامادە كراوە و لەم خولەیشدا چەند ئەندام پەرلەمانتارێك بە كەمێك دەستكارییەوە زیندوویان كرده‌وە و ئاراستەی لیژنەكەی ئەوان و لیژنەی یاساییان كردووە.

ئاسۆ که‌ریم، گوتی: \"بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە فەرمانگەیەك بۆ پاراستنی دۆكیۆمێنتی مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان پێك دەهێندرێت كە پێویستە ساڵانە فەرمانگە جیاوازەكان بەڵگەنامە گرنگەكانیان بۆ پاراستن، ببەنە ئەوێ‌ كە له‌ دواڕۆژدا بۆ لایەنی مێژوویی و دیراسەی بابەتە جۆراوجۆرەكان دەتوانرێت پشتیان پێ‌ ببەسترێت.\""

ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی کوردستان ڕوونی کردەوە کە ئەوان بە هاوكاری لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان و شارەزایانی ئەم بوارە، لەسەر پڕۆژەكە سەرقاڵی نووسینی راپۆرتن و هەركات تەواو بێت بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەركردن و پەسندكردن دەیدەنە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان."
Top