هێشتا یەكێتی هیچ پۆستێكی كابینەی حەوتی دیاری نەكردووە

هێشتا یەكێتی هیچ پۆستێكی كابینەی حەوتی دیاری نەكردووە
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان (سەعدی ئەحمەد پیرە) لە دیمانەیەكی “هەولێر”ـدا، ڕوونی كردەوە كە تاوەكوو ئێستایش یەكێتی بڕیاری كۆتایی لە بارەی مانەوەی یانیش گۆڕینی هیچ وەزیرێكی خۆی لە كابینەی حەوتەمدا نەداوە.

(پیرە) پێی وایە كە (نیچیرڤان بارزانی) و (عیماد ئەحمەد)، لە كارەكەیاندا سەركەوتوو دەبن بەو پێیەی پێشووتر ئەزموونی پێكەوەكاركردنیان هەبووە. دەڵێت: “فەزلێكی گەورە كە (نێچیرڤان بارزانی) تۆماری كرد یەكخستنەوەی دوو ئیدارەكە و بەڕێوەبردنی ئەو ئیدارەیە بوو، ئەگەر (نێچیرڤان) شتێكی لە مێژووی كورددا بۆ تۆمار بكرێت، یەكخستنەوەی ئەو دوو ئیدارەیەی بۆ تۆمار دەكرێت.”

• بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانی) و (عیماد ئەحمەد) بۆ سەرۆكایەتیی كابینەی حەوتەم ڕاسپێردراون، پێشبینییەكانی ئێوە چین؟ پێتان وایە تا چەند سەركەوتوو دەبن؟
- لە ڕاستیدا هەر كابینەیەك درێژەپێدەری كابینەی پێش خۆیەتی، كابینەی شەشەم درێژەپێدەری كابینەی پێنجەم بوو، كابینەی حەوتەمیش دریژەپێدەری كابینەی شەشەم دەبێت، هەر كابینەیەك هەوڵی جێبەجێكردنی بەرنامەی لیستی كوردستانی دەدات كە خزمەتكردنی زیاتری خەڵكە، ئەركی كابینەی پێنجەم ئەوە بوو كە ئیدارەیەكی یەكخستوو بگەیەنێتە ئەنجام و سەركەوتوویش بوو، بەڵێ من پێم وایە كە ئەو تیمە سەركەوتوو دەبێت، چونكە ئەزموونی پێكەوەكاركردنیان هەیە بە تایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەكەی، كە مەبەستم لە (نێچیرڤان بارزانی) و (عیماد ئەحمەد)ـە، دڵنیایشم كە هەدووكیان وەزیری بەتوانا و شارەزای وا دادەنێن كە بتوانن ئەركەكانی ئەو قۆناغە جێبەجێ بكەن.

*ئەو خاسیەتانەی (نێچیرڤان بارزانی) چین كە وای لێ دەكات بتوانێت لەم قۆناغەدا بە سەركەوتوویی حكوومەت بەڕێوە ببات؟
_ كاك (نێچیرڤان) كەسێكی نەناسراو و تاقینەكراوە نییە، ئەزموونی ئیداری هەیە هەم وەكوو جێگری سەرۆكی وەزیران و هەم وەكوو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، جگە لەوەیش كە لە كابینەی پێنجەم ئەزموونی لە ئیدارەیەكی هاوبەشدا هەبوو، فەزلێكی گەورە كە (نێچیرڤان بارزانی) تۆماری كرد یەكخستنەوەی دوو ئیدارەكە و بەڕێوەبردنی ئەو ئیدارەیە بوو، چونكە ئەوە كارێكی ئاسان نییە، ماوەی چەندان ساڵ دوو ئیدارە و دوو ماكینەی ئیعلامی ئیشی كردووە، دوو سیستەمی دارایی و ئەمنی هەبووە، پێكەوەكۆكردنەوەی ئەو دوو سیستەمانە كارێكی ئاسان نییە، ئەگەر (نێچیرڤان) شتێكی لە مێژووی كورددا بۆ تۆمار بكرێت، یەكخستنەوەی ئەو دوو ئیدارەیەی بۆ تۆمار دەكرێت، جگە لەوەیش كەسێكی سادەیە و بەردەوام لە بەهێزكردنی ئەزموونی خۆیدایە، كەسێك نییە پێی وابێت هەموو شتێك دەزانێت، ئەگەر بزانێت كەسێك لە شوێنێكی زۆر دوورەدەستیش شارەزایی لە بوارێكی تایبەتدا هەیە بانگی دەكات و گوێی بۆ دەگرێت، ئەمەیش شتێكی زۆر ئەرێنییە.

*بە بۆچوونی ئێوە ئەو ئەركانەی كە دەكەوێتە سەر شانی كابینەی داهاتوو چی دەبن؟
_ بە بۆچوونی من ئەو ئەركانەی كە ڕووبەڕووی كابینەی حەوتەم دەبنەوە سێ ئەركن، یەكێكیان دیاردەی دوو ئیدارەیییە كە تا ئێستایش لە هەرێمی كوردساندا بوونی هەیە و دەبێت نەمینێت، نابێت كارمەند و بەرپرسانی ئیداری لە سنووری هەولێردا هەموو پارتی بن و كارمەند و بەرپرسانی ئیداری لە سنووری سلێمانیش هەموو یەكێتی بن، خاڵی دووەم ئەوەیە كە بە ڕاستی دەبێت دەستگە حیزبییەكان لە دەستتێوەردانی كاروباری ئیداریدا دوور بخرێنەوە، پارتی و یەكێتی هەردووكیان ئازادن كێ بۆ بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام و پارێزگار هەڵدەبژێرن، بەڵام كەسێك هەڵبژێرن كە توانای ئەو كارەی هەبێت و دەستتێوەردان لە كارەكانیدا نەكرێت.
ناكرێت ڕێكخراو و كەرت ببنە بەڕێوەبەری شارەدێ و كۆمیتە و ناوچە ببنە قایمقام و لق و مەڵبەندیش ببنە پارێزگار، خەڵك لەوە بێزارە، دەبێت ئەوە گۆڕانكاری بەسەردا بێت. خاڵی سێیەمیش ئاوڕدانەوەیە لە گەنجان، ڕاستە لە كابینەی شەشەمدا سلفەی عەقار و بیمەی بیكاری دراوە بە گەنجان وەكوو خزمەتگوزاری، بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستە زیاتر ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.

* پێكهێنانی حكوومەت چەندی دیكە دەخایەنێت؟
_ بە پێی یاسا، دوای ڕاسپاردنی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا حكوومەت پێك بهێندرێت.

*هاتنەپێشەوەی هەر بارودۆخێك كاریگەری لەسەر وادەی پێكهێنانەكە دەبێت؟
_ پیم وانییە لەوە ماوەیە زیاتری بویت، چونكە سەرۆكی ڕاسپێردراوی حكوومەت و جێگرەكەی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكاندا بە جیا كۆ دەبنەوە، لەو كۆبوونەوانەدا باس لەوە دەكرێن هەر لایەنێك بیەوێت بەشداری لە حكوومەتدا بكات، ئەوا بەشداری دەكات، ئەوەیش كە بەشداری نەكرد وەكوو ئۆپۆزیسیۆن بمینێتەوە.

*ئۆپۆزیسیۆن بڕیاری بەشدارینەكردنی لە حكوومەت بە ئێوە ڕاگەیاندووە؟
_ تاوەكوو ئێستا دانوستانی فەرمی لە لایەن لیژنەی ڕاسپێردراو ئەنجام نەدراوە، كاك (نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ هەندێك لە لایەنە سیاسییەكاندا كۆبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن بە فەرمی بڕیاریان نەداوە، لە دانیشتنە فەرمییەكاندا بە دیار دەكەوێت.

*تاوەكوو ئێستا كۆبوونەوەی جیددی لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە وزارییەكان ئەنجام دراون؟
_ لە قۆناغی ئێستادا پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش لە نێوان خۆیاندا باسی ئەوە بكەن كە ئایا چ وەزیرێك بگۆڕن یان چ وەزیرێك بۆ حكوومەت هەڵبژێرن، كام وەزارەت وەردەگرن، كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا لەسەر پرسی وەزارەتەكان ئەنجام دراوە بەڵام ئەمە دوا كۆبوونەوە نییە.

*یەكێتی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستە وزارییەكان یەكلا كردووەتەوە؟
_ نەخێر تاوەكوو ئێستایش هیچ كەسێك بۆ هیچ پۆستێك دەستنیشان نەكراوە.

*بڕیاری ئەوەیش نەدراوە كە ئایا كێ لە پۆستەكەی خۆیدا بمنیتەوە؟
_ نەخێر.

*ئەی كەی ئێوە كاندیدەكانتان دەستنیشان دەكەن.
_ لە ماوەی ئەو مانگەدا كە حكوومەت پێك دەهێندرێت، یەكێتیش كاندیدەكانی خۆی دەستنیشان دەكات.

*ئایا هیچ باسێك لە نێوان ئێوە و پارتی بۆ ئاڵوگۆڕی هەندێك لە وەزارەتەكان كراوە، یان هەر وەكوو پێشوو دەبێت؟
_ ئەمە بۆ پارتی و یەكێتی دەگەڕێتەوە، ئێمە لە ناو حكوومەتدا دوو ستوونمان هەیە، پرسی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو دوو ستوونەدا لە ڕۆژانی داهاتوودا باسی لێوە دەكرێت.
Top