تیرۆریستان دوو موشه‌ك ئاڕاسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن

تیرۆریستان دوو موشه‌ك ئاڕاسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
عه‌قید ئه‌نوه‌ر غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی له‌یلان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: شه‌وی رابردوو 2 بۆمبی چێندراو له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ له‌ژێر تاوه‌ره‌كانی كاره‌با له‌نزیك گوندی (رزێبات) ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی له‌یلان دانرا بوون، دوای ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی یه‌كه‌م، هێزه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌و توانیویانه‌ بۆمبی دووه‌م پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌.
ناوبراو وتیشی: له‌ نزیك شوێنی رووداوه‌كه‌ توانیویانه‌ 5 كه‌سی گومانلێكراو ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ پێده‌چێت ده‌ستیان هه‌بێت له‌ رووداوه‌كه‌دا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ شاری كه‌ركوك پێی راگه‌یاندین: سه‌عات 6:25 خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 21-2 له‌ گه‌ڕه‌كی یه‌كی حوزه‌یرانی شاره‌كه‌وه‌ دوو موشه‌ك به‌ ئاڕاسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانی كه‌ركوك ته‌قێندراون، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی زیانه‌كانه‌وه‌ نه‌زانراون.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕه‌كی عروبه‌ی شاری كه‌ركوك بۆمبێكی لێكێندراو به‌ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییه‌كه‌دا ته‌قییه‌وه‌، جگه‌له‌ زیانی ماددی، خاوه‌نی ئۆتۆمبێله‌كه‌ش بریندار بووه‌.
موقه‌ده‌م كامل ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ عروبه‌ پێی راگه‌یاندین: ئه‌و هاووڵاتییه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ته‌قێندراوه‌ته‌وه‌ خاوه‌نی پیشانگای ئۆتۆمبێله‌و له‌ به‌رده‌م ماڵی دایكیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، جگه‌له‌ زیانی ماددی، خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كه‌ بریندار بووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.
Top