نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی نوێی بڵاو كردەوە

نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی نوێی بڵاو كردەوە
كوردستانیانی بەڕێز .. هاوڵاتیانی خۆشەویست.. هاوڕێیانی ئازیز

وەك لە پەیامی پێشوو بە ئێوەی بەڕێزم راگەیاند كە كابینەی تازە كار بۆ خزمەتكردنی تەواوی پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان دەكات و بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكی تر.
ئێستا ئێمە لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی تازەین. دەبێ‌كابینەی حەفتەم كار بۆ ئەو پرس و بابەتە گرینگانە بكات كە بەشێكن لە ژیانی ئەم گەلەو لە ئایندەدا دەبنە هۆكارێك بۆ ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و دڵنیایی. ئێمە بە بڕوایەكی بە هێزو تێڕوانینێكی گەشبینانە بە هەماهەنگی لەگەڵ میللەتی خۆمان كاردەكەین.
ئێوە وەك هێزێكی لەبن نەهاتوو هەمیشە داكۆكیتان لە ئازادی و پاراستنی كەڕامەت و خۆشگوزەرانی گەلی كوردستان كردووە، ئێوە قوربانیتان داوەو ئەمڕۆتان دروست كردووە. هەر ئێوەش بوون سەلماندتان كە ناتانەوێ‌پرۆسەی دیموكراسی و گەشەپێدان و سەقامگیری هەرێمی كوردستان سستی تێبكەوێ‌. ئێوە ئێمەن و ئێمەش ئێوە، جەماوەرو دەسەڵات تەواو كەری یەكترن و لە یەك سەرچاوە هەقوڵاون و بۆ یەك ئایندەش دەڕوانن. مەحاڵە بیرو بۆچوونی جیاواز ببێتە هۆكاری لێكترازانی ئەو شیرازە جوانەی كە هەرێمی كوردستان شانازی پێوە دەكات.
بۆیە شادو خۆشحاڵ دەبم ئەگەر ئێوەش لەم لاپەڕەیەدا بیرو بۆچوون و پێشنیارو رەخنەكانتان بخەنەڕوو، من بە سینگێكی فراوان پێشوازی لە هەر جۆرە بیرۆكەو بۆچوونێكی تازە دەكەم. دەمەوێ‌ئێوەش لەگەڵ ئێمە بەشدار بن بۆ چۆنیەتی كاركردن و ئەنجامدانی پڕۆژەو شێوازی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری جۆراو جۆر بۆ هەرێمەكەمان.
لەوانەیە نەتوانم وڵامی هەموو تێبینی و سەرنج و پێشنیارو رەخنەكانتان بدەمەوە، بەڵام حەز دەكەم لەوە دڵنیابن كەوا زۆر بەووردی دیراسەی هەموو بیرو بۆچوونێكی ئێوە دەكەم و بە هەندیان هەڵدەگرم، هاوكات ئێمەش بەدوای بیرۆكەو پێشنیارو بۆچوونی تازەدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی لە كابینەی تازەدا بە پشتگیری هاوڵاتیانی بەڕێزی خۆمان كاری لەسەر بكەین.
تكایە راشكاوانە بۆچوونەكانتان بنێرن و دەتوانن بە چاوی رەخنەگرانە سەرنجەكانتان بخەنەڕوو، گرینگ ئەوەیە ئەم كەناڵە دەتوانێ‌هەموومان كۆكاتەوە، هەمووشمان بەیەكەوە دەتوانین باشترین و زۆرترین سوود بە هەرێمی كوردستان بگەیەنین و ئایندەی گەلەكەمان رۆشن بكەین.
ئێوەش هەر شادو سەرفرازبن، لەگەڵ رێزمدا..
Top